تەنیا لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە 12 هەزار سەرپێچی هاتوچۆ لە عێراق تۆمارکراون
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەنیا لە یەک ڕۆژدا، 12 هەزار و 150 سەرپێچی هاتوچۆ لە پارێزگاکانی عێراق تۆمارکراون.
ڕۆژی یەکشەممە، 20-7-2025، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند: تەنیا ڕۆژی شەممە، 19-7-2025 زیاتر لە 12 هەزار سەرپێچی لە پارێزگاکانی عێراق تۆمار کراون.
عەمید میقداد میری دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆ لە هەموو پارێزگاکانی عێراق هەوڵی ڕێکخستنەوەی هاتوچۆ دەدات، ڕۆژانە تیمەکانیان چاودێری ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکەن کە شوفێرەکانیان بە شێوەیەکی نایاسای شۆفێری دەکەن، ئێمەش بە پێی یاسا سزایان دەدەین.
گوتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی عێراق گوتی: سەلامەتی هاوڵاتییانمان، ئەرکی لە پێشینەمانە و دەبێت شۆفێران مەرجەکانی ڕێگاوبان جێبەجێ بکەن، یاخود بەشێوازی جیاواز سزای سەرپێچیکاران دەدەین.
عەمید میقداد میری ئاماری سەرپێچییەکانی دوێنێ شەممە، 19ی تەمووز 2025ـی بڵاوکردەوە کە بەم شێوەیەیە:
(12,150) سەرپێچیی تیژڕەوی ئۆتۆمبێل تۆمارکراوە 838 سەرپێچی لەبارەی تێپەڕاندنی خێرایی زیاد لە سنووری ڕێگەپێدراو، هەروەها 348 سەرپێچیی تێپەڕاندن لە سیگنالی ڕووناکی و 333 سەرپێچیی بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی شوفێریکردن تۆمارکراوە.
میری ئاشکرای دەکات، لە کەرخی بەغدا، (2784) سەرپێچی، هەروەها لە ڕەسافە (2655) سەرپێچی تۆمارکراوە، دوای بەغداش، بابل، نەجەف، کەربەلا، نەینەوا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دێن.