لاڤرۆڤ: سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به ئێران سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه
هیچ به‌رهه‌مێكیان نییه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، "سێرگی لاڤرۆڤ" رایگه‌یاند، سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێران بێسووده و ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئێران‌دا سهپێندراوون، هیچ به‌رهه‌مێكیان نییه.
له چاوپێكه‌وتنێكیدا، له‌گه‌ڵ ئاژانسی "نۆڤۆستی"، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، گوتی: "كێشه‌ی سه‌ره‌كی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به شه‌یتانكردنی ئێرانه له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام باس له‌وه ده‌كات، تاران كێشه‌ی سه‌ره‌كییه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و به‌وه تۆمه‌تباری ده‌كات، گوایه ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌كات".
"لاڤرۆڤ" باسی له‌وه‌شكرد، "واشنتن گفتوگۆكردنی له باره‌ی كێشه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقای هه‌موو به ئاراسته‌ی دژایه‌تیكردنی تاران ئاراسته كردووه. ئێمه بڕوامان وایه ئه‌م سیاسه‌ته هیچ سوودێكی نییه و نامانگه‌یه‌نێته چاره‌سه‌رێكی درێژخایه‌ن و متمانه‌دار بۆ كێشه‌كان. چاره‌سه‌ر ته‌نیا به‌وه ده‌بێت رێككه‌وتن له نێوان سه‌رجه‌م یاریزانه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه بكرێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، گوتی: "سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا پشت به‌وه ده‌به‌ستێت، كه هه‌رچی زۆرتره ئێران بكرێته ئامانجی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌درێن بۆ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ریدا و ئه‌مه‌ش ئه‌نجامه‌كه‌ی گه‌یشتنه به رێگه‌یه‌كی داخراو، به تێپه‌ڕینی كاتیش ده‌ركه‌وتووه، سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر ئێران سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون".