تۆم باراک: پێویستە حکوومەتی سووریا بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکاندا بکات

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت: لەبارەی ڕووداوەکانی سوەیدا، پێویستە لێپرسینەوە لە حکوومەتی سووریا بکرێت، دەشڵێت: پێویستە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکاندا بکات.

دووشەممە 21ـی تەممووزی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە لوبنان گوتی: پێویستە حکوومەتی سووریا لەبارەی ڕووداوەکانی سووریا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، پێویستیشە پێکهاتەکان لە حکوومەت کۆ بکاتەوە و لەگەڵ ئیسرائیل بگاتە ڕێککەوتن.

تۆم باراک ئاماژەی بەوە کرد،  ئەمەریکا ناتوانێت ئیسرائیل ناچار بکات کارێک بکات، بەڵام دەتوانێت کاریگەریی لەسەر لایەنەکان دروست بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەن.

لەبارەی حزبولڵا و پرسی چەکدانانیان، تۆم باراک گوتی: حزبولڵا پارتێکی  تیرۆریستیە و دانووستانمان لەگەڵیان نییە، ئەوەی لەسەرمانە تێڕوانینە جیاوازەکان لە یەکتر کۆبکەینەوە، ئێمە لە ناوچەکەین بۆ هاوکاریی کردنی وڵاتەکان، کاریگەریی خۆمان لەسەر وڵاتان دروست بکەین، بەڵام ناتوانین سەربازیی زیاتر بنێرینە وڵاتانی دیکە لەهەر بارودۆخێکدا بێت، دەشڵێت: پرسی چەکدانانی حزبولڵا، پرسێکی ناوخۆیی لوبنانە.

سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەی بۆ لوبنانیش دەڵێت: سەردانم بۆ لوبنان نیشاندەری ئەوەیە، دۆناڵد ترەمپ گرنگیی زۆر بە سەقامگیریی لوبنان دەدات، گوتیشی: ئێستا بیر لەوە ناکەینەوە سزای لوبنان بدەین، نامانەوێت زەیت بخەینە سەر ئاگری ناوچەکە، ئاگربەستی لوبنانیش سەرکەوتوو نەبووە، دەمانەوێت ئەوە چارە بکەین.

لەبارەی بارودۆخی سووریا، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا گوتی: ئەوەی بەلای ئەمەریکاوە لە سووریا گرنگە ئەوەیە، پێكهاتەکان لە دەسەڵاتی نوێی سووریادا کۆ بکرێنەوە، دەشڵێت: ئەوەی ئێستا لە سووریا دەگوزەرێت، زۆر مەترسیدارە و جێی نیگەرانییە، گوتی: ئەمەریکا لەگەڵ گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی سوەیدای سووریا هەنگاو دەنێت.

باراک بەپێویستی زانی سووریا گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل بکات، گوتی: خەڵک لەسووریا دڵنیا نییە، پێویستە حکوومەتی سووریا بەرپرسیارانە مامەڵە بکات، دەبێت ئەوان بەڵێن بدەن کە دەتوانن حکوومداری بکەن و گفتوگۆ لەنێوان پێکهاتەکان دروست بکەن، لەبارەی ڕووداوەکانی سوەیداش، تۆم باراک دووپاتی کردەوە کە، پێویستە حکوومەتی سووریا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، لە کۆشکی(بەعبەدا) لەگەڵ جۆزێف عۆنی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە بۆ گفتوگۆیان لەبارەی کێشەکانی بەردەم پرۆسەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کرد.