کرملین: کار بۆ دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ ئۆکرانیا دەکەین
کرملین ئاشکرای دەکات، کار بۆ دیاریکردنی ڕۆژێک دەکەن بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ لایەنی ئۆکرانی بکەن.
دووشەممە 21ـی تەممووزی 2025، کۆشکی کرملین ڕایگەیاند: دوای ئەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدمێر زیلینسکی پێشنیازی کردبوو ئەم هەفتەیە گەڕێکی دانووستانەکان بکرێت، کرملین کار بۆ دیارکردنی ڕۆژێک دەکات بۆ ئەوەی گەڕی سێیەمی دانووستانەکانی لەگەڵ ئۆکرانیادا بکات.
گوتەبێژی کرملین، دیمیتری پیسکۆف ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کە لەسەر وادەی کۆبوونەوەکەمان ڕێککەوتین، دەستبەجێ ئاگەدارتان دەکەینەوە، گوتیشی، کاری زۆری دیپلۆماسی هەیە پێویستە بیانکەین و لەبەرچاوی بگرین، سەرباری هەڵوێستە جیاوازەکانیشمان.
لە 16ـی ئایاری ڕابردوو، گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، دوای ئەوەی ڕۆژی 11ـی ئایار، ڤلادمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا داوای دەستپێکردنی پرۆسەی دانوستانی لەگەڵ ئۆکرانیا کرد.
گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە، لە 2ـی ئم مانگە لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان کرد.