بەنگلادیش..فڕۆکەیەکی سەربازی خۆی بە زانکۆیەکدا کێشا و 16 قوتابی بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا
فڕۆکەیەکی ڕاهێنانی هێزی ئاسمانی بەنگلادیش، لە دەکای پایتەختی ئەو وڵاتە، خۆی بە قوتابخانە و زانکۆیەکدا کێشا و بەهۆیەوە 16 قوتابی گیانیان لەدەستدا.
نووسینگەی محەممەد یونس، سەرۆکی حکوومەتی ڕاگوزەری بەنگلادیش ڕایگەیاند: جگەلەوانەی گیانیان لەدەستداوە، 100 قوتابی دیکەش بەهۆی ڕووداوەکەوە بریندارن، 83 بریندار لە نەخۆشخانەکان چارەسەرییان بۆ دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، فڕۆکەیەکی جۆری(ئێف 7 بی جی ئای) ئەمڕۆ بەیانی، لە گۆڕەپانی مایلستۆن سکوڵ ئاند کۆلیج کەوتووەتە خوارەوە، ئاژانسەکانی میدیا وێنەی کاتی ڕووداوەکەیان بڵاوکردووەتەوە کە پیاوانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاری، قوتابییە بریندارەکان و قوربانییەکان دەگوازنەوە.
محەممەد یونس، سەرۆکی حکوومەتی ڕاگوزەری بەنگلادیش لە (ئێکس) هاوخەمی خۆی بەهۆی ڕووداوەکە دەربڕیووە و گوتوویەتی: ناتوانرێت قەرەبووی ئەو زیانە بکەینەوە کە بەر هێزی ئاسمانی و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی مایڵستون سکوڵ ئاند کۆلیج کەوتووە، دەڵێت: ڕووداوەکە زۆر بە ئازارە بۆ گەلی بەنگلادیش.