ههولێر.. خواست لهسهر كڕینی ماستی مهڕ زۆره
" خەڵکی هەولێر مەراقیان ماستی مەڕە"

ماستی هەولێر تاوەکوو ئێستا کوالێتییە باشەکەی لەدەست نەداوە و بەگوتەی ماستفرۆشانی شارەکە دانیشتووانی هەولێر مەراقیان ماستی مەڕە، لە کۆندا زۆرینەی ماستفرۆشەکانی هەولێر لەناو بازاڕی قەیسەری بوون، دواتر لە تەیراوە و شێخەڵڵا ژمارەیان زیاد بوو.
عەبدولڕەزاق ئیسماعیل ماوەی 32 له ههولێر ساڵە ماست دەفرۆشێت و ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: 32 ساڵە ماست و بەرهەمە سپیاییەکان لە بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر دەفرۆشم، باوکیشم ماستفرۆش بووە، هەموو ئەو ماستەی بۆمان دێت لە گوندەکانی دەورووبەری هەولێرەوە دێت.
عەبدولڕەزاق ئیسماعیل گوتیشی: خواست لەسەر ماست کەم نەبووەتەوە، بەڵام بەهۆی بێمووچەیی خواست لەسەر ماستی مانگا زیادی کردووە، چونکە بەراورد بە ماستی مەڕ نرخەکەی هەرزانترە، سەرەڕای ئەمەش "خەڵکی هەولێرێ مەراقیان ماستی مەڕە".
ئاماژەی بەوە کرد، لە وەرزی هاویندا بەشێکی زۆری خهڵك ماستی بزن دەکڕن، چونکە بۆ گرتنەوەی ماستاو گونجاوە و ماستی مانگا بۆ ماستاو بە کەڵک نایەت، ئێستاش بەشێک لە کڕیارەکانمان پێش خۆرهەڵات سەردانمان دەکەن، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەنکار و فەرمانبەرن.
ههروهها گوتی: ساڵانە لە دوای مانگی ئاب سەردانی کوێستانەکان دەکەین و ژاژی، پەنیر و هەنگوین و لە ئاژەڵدارەکان دەکڕین و لێرە بە کڕیارەکانمان دهیفرۆشینهوه.
هاوكات دەشڵێت: بەشێک لە فرۆشیاران فێڵ لە کڕیارەکانیان دەکەن، تۆز لەگەڵ ماست تێکەڵ دەکەن و بە ناوی ماستی مەڕ دەیفرۆشن، ئەگەر هاتوو دوو ڕۆژ ماست نەفرۆشرا، ناچارین بە نرخێکی هەرزانتر بیفرۆشین بۆ ماستاو.
نرخی ماستی باش لە دوکانەکانی بازاڕی شێخەڵڵا بەم جۆرەیە:
ماستی مەڕ: کیلۆی بە چوار هەزار دینارە.
ماستی مانگا: کیلۆی بە دوو هەزار و 500 دینارە.
ماستی بزن: کیلۆی بە سێ هەزار دینارە.


