سوپاسالاری ئیسرائیل: شەڕی غەززە سەختترین شەڕ بووە تا ئێستا ئیسرائیل کردبێتی

ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل
ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل

ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل ئاشکرای دەکات، سەختترین شەڕ کە سوپای ئیسرائیل تا ئێستا دووچاری بوبێتەوە، شەڕی کەرتی غەززە بووە، تێیدا سوپای ئیسرائیل باجی گەورەی دا، بەڵام بەڵێنیداوە بەردەوام بێت تا دەگات بە ئامانجەکانی.

سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل ڕایگەیاند: سەرکەوتنی بەرچاویان لە شەڕی غەززە بەدەستهێناوە، بەڵام ئەو شەڕی غەززە ئەو شەڕە سەختە بووە کە پێشتر ئیسرائیل نەیکردووە، دەڵێت: فەرماندەیی باشووری سوپا بە سەربازە سەرەکی و یەدەگەکانی، هێرش دەکات، هاوکات بەرگریش دەکات، هەرچەند باجی گەورە دەدات سوپا، بەڵام لە ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت تا دەگاتە سەرکەوتن و کۆتایی بە حەماس دێنێت.

تۆفانی ئەقسا، یاخود شەممەی ڕەش کە هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر و ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ناو لێنراوە، هەمووی ئاماژەن بۆ پرۆسەی سەربازیی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین لە کەرتی غەززە بە سەرۆکایەتی بزووتنەوەی حەماس، دژی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستی پێکرد کاتێک فەرماندەی گشتی گرووپەکان(محەممەد زەیف) دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگەیاند و گوتی:" ئۆپەراسیۆنەکەمان وەڵامێکە بۆ دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل کە دەیکاتە سەر مزگەوتی ئەقسا، لەگەڵ ئەو دەستدرێژیانەی ئیسرائیلییە نیشتەجێبووەکان دەیکەنە سەر هاووڵاتییانی فەڵەستینی لە قودس و کەنارە داگیرکراوەکان".

لە ئۆپەراسیۆنی ئەقسا، 4300 مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کران لە دیمۆنا بۆ هود هەشارون لە باکووری قودس لە ڕۆژهەڵات، سەرباری هێرشیت زەمینی لەڕێگەی ماتۆڕسکیل کە گەیشتنە پێگەی سەربازیی ئیسرائیل لە سدیروت و چەند هاووڵاتی و سەربازێکی ئیسرائیلیشیان وەک بارمتە گرت.