زانایانی جیۆلۆجی و گه‌ردوونناسی: سووڕانه‌وه‌ی زه‌وی به‌راورد به‌ ڕابردوو ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی تۆمار كردووه‌

زانایانی جیۆلۆجی و گه‌ردوونناسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆ كورتترین ڕۆژه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی، به‌ شێوه‌یه‌ك خێرایی سووڕانه‌وه‌ی زه‌وی ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی تۆمار كردووه‌.

زانایانی جیۆلۆجی و گه‌ردوونناسی بڵاویان كرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 22ـی ته‌ممووزی 2025، كورتترین ڕۆژه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی، به شێوه‌یه‌ك خێرایی سووڕانه‌وه‌ی زه‌وی به‌راورد به‌ ڕابردوو و ڕۆژی 10ـی ئه‌م مانگه‌، ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی تۆمار كردووه‌.

زانایان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، زه‌وی ڕۆژی 10ـی ئه‌م مانگه‌ زۆر به‌ خێرایی سووڕاوه‌ته‌وه‌، كه‌ درێژی ڕۆژه‌كه‌ 1.36 میلی چرکە كه‌متر بووه‌ لە كۆی 86 هەزار و 400 چرکەی ئاسایی، واته‌ له‌ كۆی ته‌واوی 24 كاتژمێردا. ژماره‌ی پێوانه‌یی پێشووش ڕۆژی 9ـی ئه‌م مانگه‌ تۆمار كرابوو، كه‌ ڕۆژه‌كه‌ 1.3 میلی چركه‌ كورتتر بووه‌. 

میلی چرکە كه‌ ده‌كاته‌ یەک لەسەر هەزاری چرکە، ماوەیەکی زۆر بچووکە کە تەنیا دەتوانرێت بە بەکارهێنانی کاتژمێری ئەتۆمی زۆر ورد بپێورێت، کە ئه‌م كاتژمێره‌ چاودێریی (درێژی ڕۆژ) یان كه‌ به‌ (LOD) ناسراوه‌، ده‌كات. ئه‌مه‌ ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ زه‌وی پێویستییه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی به‌ ده‌وری خولگه‌كه‌یدا بسووڕێته‌وه‌.  

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جیاوازیی کاتەکە ڕەنگە کەم دەرکەوێت، بەڵام زانایان هۆشداریی دەدەن کە دەتوانێت کاریگەریی زۆری لەسەر ده‌ستنیشانكردنی سیستەمه‌كانی جیهانی (GPS) و مانگە دەستکردەکان و تەنانەت شێوازە پەسەندکراوەکانی پێوانەکردنی کاتیی جیهانی هەبێت.

زانایانی جیۆلۆجی گه‌ردوونناسی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، تا ئێستا هۆکاری خێرابوونی سووڕانه‌وه‌ی زەوی بە تەواوی ڕوون نییە، بەڵام هەندێک گریمانە ئاماژە بە کاریگەرییەکانی هێزی کێشکردنی مانگ و گۆڕانکاری لە بەرگەهەوا و توانەوەی سەهۆڵبەندان و گۆڕانی ناوەکی کانزایی زەوی و لاوازبوونی بواری موگناتیسی زه‌وی دەکەن.

ئاژانسی ناسا له‌ لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە زەوی لەگەڵ مانگدا چووبێتە ناو "هاوسەنگی خولگەیی"ـه‌وه‌، ئەمەش کەمێک خێراییەکەی زیاد دەکات.

زەوی کە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هێزی کێشکردنی مانگەوە وردە وردە سووڕانه‌وه‌ی خاوتر بووەوە، لە ساڵی 2020ـوه‌ خێراییه‌كه‌ی پتر بووه‌ و چەند ڕۆژێک لە ئاسایی کورتتر بووەتەوە. پێشبینی دەکرێت ئەم ئاراسته‌یه‌ ببێتە هۆی هەنگاوێکی کاتیی دەگمەن کە تا ساڵی 2029 بازدانێکی نەرێنی (Leap second) له‌ كات زیاد بکات، واتە لابردنی چرکەیەک لە کاتیی جیهانیی هه‌ماهه‌نگ (UTC)  بۆ ئەوەی لەگەڵ سووڕانه‌وه‌ی خێراتری زەویدا ڕێک بخرێت.

ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كانی ڕابردوو

-زه‌وی له‌ 5ـی ته‌ممووزی 2024، كورتترین ڕۆژی تۆمار كرد له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكردنی پێوانه‌كردنییه‌وه له‌ ساڵی 1974‌، كه‌ بریتی بوو له‌ 1.66ـی میلی چركه‌.

-له‌ 30ـی حوزه‌یرانی 2022، كورتهێنانه‌كه‌ 1.59 میلی چركه‌ بوو.

-له‌ 19ـی ته‌ممووزی 2020 و 9ـی ته‌ممووزی 2021، كورتهێنانه‌كه‌ 1.47 میلی چركه‌ بوو.

-له‌ ساڵی 2023 جۆره‌ خاوبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ سووڕانه‌وه‌ی زه‌ویدا به‌ دی كرا، به‌ڵام ژماره‌ی پێوانه‌یی تێدا تۆمار نه‌كرا.

-ساڵی 2024 ساڵێكی پێوانه‌یی بوو، به‌ شێوه‌یه‌ك چه‌ند ڕۆژێكی ئه‌م ساڵه‌، كه‌متر له‌ 24 كاتژمێر بوو.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment