بازرگانی و پیشەسازی هەرێم: زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتیی فۆرمی پسولەی خۆراکیان بەشێوەی ئەلیکترۆنی پڕکردووەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکوو ئێستا هاووڵاتییان بە ڕێژەیی لە ٪74 فۆڕمی پسولەی خۆراکیان پڕکردووەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامە.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 22ی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: پڕکردنەوەی فۆرمی پسولەی خۆراک بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەردەوامە و بڕیار وایە تاوەکوو یەکی ئاب بەردەوام دەبێت، ئێستا کێشەی تەکنیکی کەمترە، بەراورد بە سەرەتایی پرۆسەکە.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: تاوەکوو ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستان فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە کە دەکاتە ڕێژەیی ٪74، بەڵام لەدوای ئەم پرۆسەیە قۆناغی دووەم دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، لە قۆناغی دووەمدا زیادکردنی ناوی منداڵ و گواستنەوەی پسولەی خۆراک زیاد دەبێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاری ئارد و خۆراک هەن و پێنج ملیۆن و 350هەزار کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.
لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دوو هەزار و 297. بریکاری ئارد و خۆراک هەن.
پێشتر لە 8ی ئایاری 2025، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک وەک یەکەم پارێزگا بە فەرمی لە هەڵەبجە کارا کرا.