ترەمپ: ئۆباما خیانەتکارە، دەبێت دادگایی بکرێت

دۆناڵد ترەمپ، باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکای بە خیانەتکار تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئۆباما دەستکاری زانیارییەکانی تایبەت بە دەستتێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016 کردووە، دەبێت دادگایی بکرێت.
تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانیی ئەمەریکا (DNI) بە فەرمی داوای لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا کردووە، لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی نووسینگەی بارک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا بکات، بەهۆی ئەوەی ئەو بەرپرسانە لە پیلانگێڕی خیانەتکاری دژی وڵاتەکەیان تێوەگلاون.
بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕوونیشی کردووەتەوە، ئۆباما و تیمەکەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016 زانیاریی ناڕاستی لەبارەی دەستتێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنی بڵاو کردەوە. بە گوتەی تولوسی، مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییە هەڵەیە بۆ ڕەخساندنی هەلێک بوو بۆ کودەتا بەسەر دۆناڵد ترەمپ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کێ دەستی لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانەی هەیە، گوتی: بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی من خوێندوومەتەوە، دەبێت بارک ئۆباما بووبێت. باسی لەوەش کرد، هەر یەکە لە جۆو بایدن، جێگری سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا، جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی FBI، جەیمس کلاپەر، بەڕێوەبەری پێشووی DNI، جۆن برێنان، بەڕێوەبەری پێشووی CIA لە پیلانگێڕییەکە تێوەگلاون، بەڵام سەرۆکی ئەو دەستەیە ئۆباما بووە.
دۆناڵد ترەمپ چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی سەبارەت بە دەستتێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکە و هەڵمەتی بانگەشەی سەرۆکایەتیی ترەمپ دەکات لە ساختە زیاتر هیچی دیکە نین، هەموو ئەو ئەنجام و لێدوانەکانیش ڕەت کردووەتەوە و بە پڕوپاگەندەی سیاسیی ناوی دەبات.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ2023 چوار لێکۆڵینەوەی فەرمی لەو بارەوە کران، ئەنجامی هەموویان ئەوەی پیشان دا کە ڕووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016 لە بەرژەوەندیی ترەمپ دەستتێوەردانی کردووە، بەمەش، ئەوەی گابارد دەیڵێت پێچەوانەی ئەو ڕاپۆرتانەیە کە بە دادگای داوە.
باسی لەوەش کردووە، لە ساڵی 2020، لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی پیران، کە لە هەردوو ئەندامانی پارتی کۆماری و دیموکرات پێکهاتوون ڕاپۆرتێکییان لەو بارەوە بڵاو کردەوە، کە ئەو کات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمەریکا، سەرۆکی لیژنەکە بوو بە وەکالەت.
ئەنجامی ڕاپۆرتەکە بەو شێوەیە بوو، داتاکانی هێلاری کلێنتن، کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە ساڵی 2016، لەلایەن دەزگای زانیاریی ڕووسیا دزراون. هاککردنەکەش بە مەبەستی هاوکاریکردنی ترەمپ بووە.