ترەمپ "تیکتۆك" و "ویچات"ی لە ئەمهریکا راگرت
چین رێوشوێن دژی گەمارۆکانی ئەمریکا دەگرێتە بەر

K24 – ھەولێر:
وەزارەتی بازرگانی ئەمهریکا رایگەیاند، بەهۆی هەڕەشەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی، لە سبەی یەکشەممەوە داونلۆدکردنی هەریەك لە ئهپڵیكهیشنی "تیکتۆك" و "ویچاتی" چینی لە ئەمهریکا رادەگیرێت.
وەزارەتی بازرگانی ئهمهریكا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، حیزبی شیوعی چینی سەلماندوویەتی، ئامراز و نیازی هەیە ئەو دوو ئەپڵیکەیشنە لە بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت. ئەوەش بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، ئابووری و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا.
ئەو راگەیاندراوەش بەر لە راگەیەندراوی پێشبینیکراوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا دێت، لە بارەی رەزامەندی لەسەر گرێبەستی کۆمپانیای "ئۆراکل" بۆ کڕینەوەی پشکی "تیکتۆك" لە ئەمهریکا، بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێكی تەکنیکی باوەڕپێکراوی ئهو کۆمپانیایه لە ئەمهریکا.
تا ئێستاش روون نەکراوەتەوە، ئایا ئەو بەیاننامەی وەزارەتی بازرگانی ئەمهریکا ئاماژەیە بۆ ئەوەی هیچ دەرچەیەك نەماوە بۆ رێککەوتن لەنێوان کۆمپانیای "ئۆراکل" و تیکتۆك"دا.
لەو بارەیەوە ویلبەر رۆس، وەزیری بازرگانی ئەمهریکا رایگەیاند، رێوشوێنی پێویستیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین گرتووەتەبەر و رێگه نادەن پەکین زانیاری کەسیی ئەمهریکییەکان کۆبکاتەوە.
لە بەرامبەردا، حکومەتی چین رایگەیاند، رێوشوێنیکی تایبەتیان بۆ سنووردارکردنی چالاکی کۆمپانیا بیانییەکان دەرکردووە. ئەمەش وەك وەڵامدانەوەیەك لە دژی سزاکانی ئەمهریکا بەرامبەر کۆمپانیاکانی چین، لەسەرووی ههمووشیانەوە کۆمپانیای "هواوی" بۆ ئامێره زیرهكهكان.
لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان واشنتن و پەکین، لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی چیندا ئاماژە بە هیچ کۆمپانیایەکی دەستنیشانكراوی بیانی نەکراوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی باج بەسەر کۆمپانیا بیانییەکان دەسەپێنێت یاخود بەربەست بۆ چالاکی وەبەرهێنانەکانیان لە چین درووست دەکات، وەك هێنانی کارمەند و ئامێرەکانی پیشەسازی بۆ وڵاتەکە.
وەزارەتی بازرگانی چین رایگەیاند، لیستەکەیان ئەو کۆمپانیایانە لە خۆدەگرێت، کە سەروەری نیشتمانی چین ناشیرن دەکەن، لەرووی ئاسایش و گەشەوە لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنن، یاخود یاساکانی ئابووری بازرگانی پێشێل دەکەن.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی بازرگانی چین لە کاتێکدایە، ئەمهریکا لە سبەی یەکشەممەوە داونلۆدکردنی هەردوو ئەپلیکەیشنی "تیکتۆك" و "ویچات" قەدەغە دەکات، کە سەر بە هەردوو کۆمپانیا "بایت دانس" و "تێنسێنت"ی چینین.
لە لایەكی دیكەوە لەبارەی ئەو کاڵایانەی بە کاری زۆرەملێ لە چین دروستدەکرێن، ئەمهریکا یاسا دەردەکات ونانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا رایگەیاند، ئەندامانی کۆنگرێس سەرقاڵی داڕشتنی دوو پڕۆژە یاسان بۆ هەفتەی داهاتوو، لەبارەی ئەو کاڵایانەی لە هەرێمی "شینگیانگ"ی چینی بە کاری زۆرەملێ بەرهەمدەهێندرێن.
بە گوێرەی پڕۆژە یاساكە، بەربەست بۆ هاوردەکردنی ئەو کاڵایانە دادەندرێت و کۆمپانیاکانی ئەمهریکاش ناچار دەکات بە شەفافی مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەی هاوردەکانیان بکەن.
پیلۆسی گوتی: ئەگەر بەهۆی بەرژەوەندی بازرگانییەوە نەتوانین بە بوێری باس لە مافی مرۆڤ لە چین بکەین، ئەوە بە تەواوی دەسەڵاتی ئەخلاقی لەدەستدەدەین و ناتوانین لە هیچ سووچێكی ئەم جیهانە باس لە مافی مرۆڤ بکەین.