فڕۆکە ڕووسیەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە
میدیاکانی ڕووسیا ڕایانگەیاند: لە دووری 15 کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەی تیندای ڕووسیا، فڕۆکە ڕووسیەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و هیچ یەک لە سەرنشینانی ڕزگارییان نەبووە.
پێنجشەممە 24ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی فریاکەوتنی ڕووسیا ڕایگەیاند: فڕۆکەی(ئێن-24)ـی سەربە ئاژانسی فیدراڵی بۆ گواستنەوەی ئاسمانی، 15 کیلۆمەتر لە دووری شاری تیندا دۆزرایەوە کاتێک ئاگری لێ بەرزدەبوویەوە، دووپاتیشی کردەوە، هیچ یەکێک لە سەرنشینانی فڕۆکەکە ڕزگاریان نەبووە، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە.
پێشتر سەرچاوەیەک بە ئاژانسی تاس-ی ڕووسیای ڕاگەیاندبوو "فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئەنگارا ئێن-24 نەیتوانیوە پەیوەندی بە خاڵی کۆنترۆڵەوە بکات کە چەند کیلۆمەترێک لە فڕۆکەخانەی تیندا دووربووە".
ڤاسیلی ئۆرلۆڤ، پارێزگاری هەرێمی ئامور ڕوونیکردەوە، فڕۆکەکە 43 سەرنشینی تێدابووە کە پێنجیان منداڵن و شەش کارمەندی فڕۆکەکەشی تێدابووە.
ماڵپەڕی نۆڤۆستی بڵاویکردووەتەوە، بارودۆخی کەشوهەوای ئەو ناوچەیەی کە فڕۆکەی ئێن-24ـی تێدا ون بووە، خراپ بووە، بەو هۆیەشەوە گەشتەکە دواشخراوە.
دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوەشکردووە، پەیوەندی لەگەڵ فڕۆکەی ئێن-24 پچڕاوە کاتێک لە خابارۆڤسکەوە لە ڕێگەی بلاگۆڤێشچنسکەوە بەرەو تیندا فڕیوە، لە کاتی فڕینیشدا هیچ سیگناڵێکی لەگەڵ فڕۆکەخانە نەماوە.
تیمەکانی فریاگوزاری ڕایانگەیاند: پاشماوەی فڕۆکەکە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لەنزیک شاری تێندا دۆزرایەوە.