نەتەوە یەکگرتووەکان: تاڵیبان پێشێلکاری بەرانبەر ئەفغانییە گەڕاوەکان دەکات
ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، دەسەڵاتدارانی تاڵیبان پێشێلکاریان دەرهەق بەو ئەفغانیانە کردووە کە لەلایەن ئێران و پاکستانەوە ناچارکراون بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
پێنجشەممە 24ـی تەممووزی 2025، نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا کە لەگەڵ ڕاپۆرتەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، "ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە، ئەوانەن کە مەترسی تۆڵەسەندنەوە و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافی مرۆڤیان لەسەرە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تاڵیبانەوە، ئەوانیش ژن و کچ، هەروەها کەسانی سەر بە حکوومەتی پێشوو و هێزە ئەمنییەکان، لەگەڵ کارمەندانی میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی"ـین.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم پێشێلکاریانەی تاڵیبان کردوونی، بریتین لە ئەشکەنجەدان، مامەڵەی خراپ، دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردن.
لە چوار مانگدا نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە ئێرانەوە ڕەوانەی وڵاتەکەیان کراونەتەوە، ژمارەکە دوای جەنگی ئێران و ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ئامارەکانی دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئەو وڵاتە و ئیسرائیل هەڵکشان، ئەمەش دوای ئەوەی تۆمەتی کارکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلیان بۆ هەڵبەسترا.
بە گوێرەی ئاماری ڕێکخراوەکانی خۆجێیی ئەفغانستان؛ لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا، نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە ئێرانەوە ڕەوانەی وڵاتەکەیان کراونەتەوە.
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی پێنج بۆ شەش ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە ئێران ماون، تاران پلانی هەیە سەرجەم ئەو پەنابەرە ئەفغانییانەی کە مافی مانەوەیان نییە، دیپۆرت بکاتەوە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان، مافی مانەوەی بەشێکی زۆر لەو پەنابەرانەشی هەڵوەشاندووەتەوە کە ماوەی 20 بۆ 30 ساڵە لەو وڵاتە دەژین.