کۆبوونەوەی هەسەدە و حکوومەتی سووریا لە پاریس دواخرا
کەریم قەمەر، نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە پاریس ڕایگەیاند: ئەو کۆبوونەوەی بڕیاربوو لەنێوان شاندی هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا لە پاریس بکرێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
پێنجشەممە 24ـی تەممووزی 2025، کەریم قەمەر، نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە پاریس ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا کە بڕیاربوو لە پاریس سبەی بکرێت، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵوەشایەوە، بێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکات.
لەبارەی کۆبوونەوەی بەرپرسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسا، کەریم قەمەر ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا شاندی هێزەکانی سووریای دیموکرات نەگەیشتوونەتە پاریس.
دوێنێ میدیاکانی نزیک لە هەسەدە ڕایانگەیاند: مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیوکرات کە شاندێکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یاوەریی دەکەن، دەگاتە پاریس بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا کە بڕیاربوو بە ئامادەبوونی تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا و بەسەرپەرشتی فەرەنسا بەڕێوەبچێت.
ڕێککەوتنی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد.
ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە:
1- گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.
2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونیان دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ دابین دەکات.
3- ڕاگرتنی شەڕ لەنێو هەموو خاکی سووریادا.
4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
5-گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.
6- پشتیوانیی دەوڵەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی.
7-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و ڕق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.
8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێ نەپەڕێت.