پۆمپێیۆ: سزاكانی سەر ئێران كەوتنەوە بواری جێبەجێكردنەوە

ئەمەریكا ھۆشداری دەدات

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایدەگەیەنێت، سزاكانی سەر ئێران جارێكی دیكە كەوتنەوە بواری جێبەجێكردنەوە و ھۆشداریش دەداتە وڵاتان.

مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە چەند تویتێكدا رایگەیاند، سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر ئێران جارێكی دیكە كەوتنەوە بواری جێبەجێكردنەوە، ھۆشداری سزادانیشی دایە وڵاتان، ئەگەر بیانەوێت رێگری لە جێبەجێكردنی ئەو سزایانە بۆ سەر ئێران بكەن.

 ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر وڵاتێكی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان بیەوێت ئەركەكانی جێبەجێ نەكات دەربارەی ئەو سزایانە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئامادەیە دەسەڵاتە ناوخۆییەكانی بەكاربھێنێت، بۆ سەپاندنی سزا بەسەریدا، لەپێناو گەرەنتیكردنی سزاكانی یوئێن بۆ سەر ئێران.

گوتیشی، نەخشەرێگەكەیان سەپاندنەوەی سەرجەم سزاكان لەخۆ دەگرێت كە پێشتر نەتەوە یەكگرتووەكان سەپاندبووی، لەوانەش گەمارۆی چەك و ئێرانیش ناچارە پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێنێت.

لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند "ناتوانین ھیچ ھەنگاوێك بنێین دژ بە نەخشەرێگای ئەمەریكا بۆ گێڕانەوەی سزاكانی سەر ئێران".

Fly Erbil Advertisment