سەفین دزەیی: هێرشە درۆنییەکان کاریگەریان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت هەبووە
"پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران باشە"
سەفین دزەیی ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران زۆرباشە و دەیانەوێت پەرەی پێبدەن و هێرشی درۆنی کراوەتە سەر چوار کێڵگەی نەوتی.
سەفین دزەیی ، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کورستان ڕایگەیاند: ئێران دراوسێی ئێمە، دەسەڵاتێکە لە ناوچەکە و پەیوەندییەکی مێژوویی دوور و درێژمان لەگەڵ ئێران هەیە، هەروەها زیاتر لە 10 ملیۆن خوشک و برای کوردمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژین لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندیی دیپلۆماسیمان لەگەڵ ئێران هەیە و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر هەیە.
هەروەها سەفین دزەیی گوتی: ئێمە دەمانەوێت دوو دراوسێی باشبین و رێز لە یەکدی بگرین، بەڵام چەندە وەڵامی ئەم ویستەمان دراوەتەوە، ئەوە پرسیارێکی دیکەیە.
سەفین دزەیی گوتیشی: دوو مانگ پێش ئێستا لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن بووین و دوو رێککەوتنمان بە بەهای 110 ملیار دۆلار لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی واژۆکرد، من ئەوکات بە سەرۆکوەزیرانم گوت، کاتێک گەڕاینەوە بە یاری ئاگرین پێشوازیمان لێ دەکەن، بەڵام بە درۆن هێرشکرایەسەر کێڵگە نەوتییەکان و چوار کێڵگە هێرشیانکرایەسەر.
باسی لەوەش کرد، هێرشە درۆنییەکان کاریگەریان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت هەبوو و داوامان لە بەغدا کردووە لێژنەیەک پێکبهێندرێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو هێرشانە بێت، هەروەها هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ خەڵکی لێقەوماوان.
