ئەسعەد شەیبانی لەگەڵ وەزیرێکی ئیسرائیل کۆبووەوە

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا

لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لەگەڵ ڕون دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل بە نێوەندگیری نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا تۆم باراک، کۆبوونەوە.

تۆم باراک لە(ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: ئەم ئێوارەیە لەگەڵ سوورییەکان و ئیسرائیلییەکان لە پاریس کۆبوومەوە.

دەشڵێت:ئامانجمان لە ڕێکخستنی دیدارەکە، دیالۆگ و هێورکردنەوەی بارودۆخە گرژەکانە، ئەوەشمان بەدی هێناوە، لایەنەکان پابەندبوونی خۆیان لە دانووستانەکان دووپات کردووەتەوە، باراک ئاماژەی بە ڕووبەڕووبوونەوە خوێناوییەکانی دوایی باشووری سووریا کردووە کە تێیدا زیاتر لە 1200 کەس لەماوەی تەنها هەفتەیەکدا کوژران.

ئەو ئاڵۆزییانەش لە 13ـی ئەم مانگە لە پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانی دروزەکانن، لەنێوان چەکدارانی ناوچەکە و هێزە بەدەوییەکاندا ڕوویدا، زۆر خێرا ئاڵۆزییەکان پەرەیان سەند، بۆیە ئیسرائیل هاتە نێو ئاڵۆزییەکان بە هێرش کردنە سەر دامەزراوە فەرمیی و سەربازییەکانی سووریا لە دیمەشق و  سوەیدا.