شوێنەوارێکی مێژوویی چوار هەزار ساڵە لە هەولێر هەڵدەدرێتەوە

گرووپێکی شوێنەوارناسی چوار وەرزە لە گردێکی شوێنەواری هەولێر کاری کنە و پشکینین دەکەن کە مێژووەکەی بۆ چوار هەزار ساڵ پێش زایینی دەگەڕێتەوە و لەو ماوەیەی کاریان کردووە، شوێنەواری ماڵێکیان دۆزیوەتەوە.

نادر بابەکر، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەولێر بە کوردستان24ی گوت: ئامانجمان لە دۆزینەوەی ئەو شوێنانە بۆ زانینی مێژووی کوردستانە، ئاماژەشی دا، ڕۆژانەش لە سەرتاسەری کوردستان کنەی شوێنەوارەکان دەکرێت و شوێنەواری زۆریان دۆزیوەتەوە.

شوێنەوارە دۆزراوەکە، مێژووەکەی بۆ سەردەمی شارستانیەتی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە، کە ژمارەیەک کەرەستەی لە بەرد دروستکراویان تێیدا دۆزیوەتەوە و کەرەستەکانیش کۆدەکرێنەوە و لە تۆماری مێژووی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن. هاوکات بەشێکیان پێویستیان بە ڕێکخستنەوە و چاککردنەوە هەیە، بەهۆی ئەوەی شێوەیان تێکچووە و شکاون.

ڕۆکۆ بالیرۆ، پسپۆری شوێنەوار گوتی: چوار وەرزە کاری هەڵکۆڵین لەم گردە دەکەین، تاوەکوو ئێستا پاشماوەیەکی زۆری شوێنەوارمان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی چوار هەزار ساڵ پێش زایینی دەگەڕێتەوە.

باسی لەوەش کرد، ساڵی ڕابردوودا کۆگایەکی گەورەیان دۆزییەوە، کە ئەمساڵ بۆیان دەرکەوتووە، کۆگاکە بەشێکە لە خانووەکی گەورە و لە چەند ژوورێک پێکهاتووە، کە هەر ژوورێکی تایبەت بووە بە کارێک، بە شێوەیەک لە کۆگاکە چەند پارچەیەک لە چەقۆ، تەرازوو، گۆزە و کەرەستەی دیکەی لە بەرد دروستکراویان دۆزیوەتەوە.

دوای کنە و پشکنینی شوێنەوارەکان و دۆزینەوەی کەرەستەکان لەلایەن لیژنەکانی تایبەت بە شوێنەوار، پارچە شکاوەکان بەیەکەوە دەلکێنرێنەوە و تۆمار دەکرێن.

جگە لەم گردە شوێنەوارەی دۆزراوەتەوە، 12 گردی دیکەی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار کراون، هەروەها لە دەشتی هەولێر تاوەکوو ئێستا زیاتر لە هەزار و 200 پێگەی شوێنەواری تۆمارکراوە.

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment