هێرشێکی چەکداری کرایە سەر دادگای زاهیدان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26ـی تەممووزی 2025، ژمارەیەک چەکداری سەر بە گرووپی 'سوپای عەدل' هێرشیان کردە سەر دادگای شاری زاهیدان، کە یەکێکە لە ناوەندە دادوەرییە گرنگەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە ئێران.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردووەتەوە، چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی دادگا لە شەقامی ئازادی لە زاهیدان. لەگەڵ چوونە ژوورەوەیان بۆ نێو باڵەخانەکە تەقەیان کردووە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێرشەکە زیانی گیانیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئیستا بەرپرسانی ئێران هیچ ئامارێکیان ڕانەگەیاندووە، هەروەها لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی ڕووداوەکە بەردەوامە.
گرووپی سوپای عەدل، کە حکوومەتی ئێران بە گرووپی تیرۆریستی وەسفیان دەکات، بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی دادگای زاهیدانی لە ئەستۆ گرت.
دوابەدوای هێرشەکە، هێزە ئەمنییەکان و یەکەکانی فریاکەوتن بەخێرایی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە قەدەغەی هاتووچۆیان لە دەوروبەری ناوچەکەدا ڕاگەیاند و ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بەرفراوانیان دەست پێ کرد بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی هێرشکارەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکان ژمارەیەک کەس لە هێرشەکەدا بریندار بوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی نزیک ناوچەکە.
زانیاریی نوێ
ئاژانسی تەسنیم ڕوونیکردەوە، بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان لە هێرشە چەکدارییەکەی ئەمڕۆ شەممە، بۆ سەر دادگای زاهیدان لە ئێران، پێنج کەس کوژراون و 13 کەسیش بریندار بوون.
ئەو ئامارانەی لەسەر ژمارەی کوژراو و بریندارانی ئەم هێرشە چەکدارییە ئاشکرا کراوە، ئاماری سەرەتایین و بەدواداچوون سەبارەت بەزیانەکانی ئەم ڕووداوە بەردەوەامە.
ڕاشیگەیاند، سێ ئەندامی ئەو گرووپە چەکدارە بە تەقەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران کوژراون. هەروەها ژمارەیەک سەردانیکەری دادگا بریندارن کە برینی هەندێکیان سەختە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەتا هێرشەکە بۆ سەر ئیدارەی دادگا دەستی پێ کردووە و دواتر بەهەڕەمەکی تەقە لەو خەڵکە کراوە کە لەدادگا بوون.
د. محەممەد حەسەن محەممەدی سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی زاهیدان بە تسنیمی ڕاگەیاند، سەرجەم بریندارانی ڕووداوەکەی زاهیدان لەلایەن بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی خاتەم ئەلئەنبیا چارەسەر کراون.
لە ساڵی 2023، سوپای عەدل هێرشی کردە سەر بنکەیەکی پۆلیسی شاری زاهیدان لە سستان و بەلوچستان، لە ئەنجامدا دوو ئەفسەری پۆلیس و چوار چەکدار کوژران.