دروزەکانی ئەڵمانیا خۆپیشاندانێکیان بۆ پشتیوانی خەڵکی سوەیدا کرد

ڕەوەندی دروزەکانی سووریا لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا خۆپیشاندانێکیان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی سوەیدا ئەنجامدا، لە خۆپیشاندانەکەدا کورد و پێکهاتەکانی دیکەش بەشداربوون و مامەڵەی حکوومەتی نوێ و سەرۆکی سووریایان لەگەڵ خەڵکی سوەیدا ئیدانەکرد، خۆپیشاندەران چوونە بەردەم بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و داوایان لە حکوومەت کرد مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی شەرع نەکات. 

خۆپیشاندانی دروزەکانی سوەیدایە لە شاری بەرلین، دروشمەکانی خۆپیشاندانەکە دژ بە سەرۆکی نوێی سووریا و حکوومەتەکەیەتی و خۆپیشاندەران داوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر پارێزگای سوەیدا دەکەن. 

وەجەد نەسیف، خۆپیشاندەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هەر کە دەسەڵاتیان گرتە دەست، کەنیسەیان سووتاند، ئێستاش دروزەکان دەکەنە ئامانج و خۆیان بۆ کورد ئامادە دەکەن، سووریا هەرگیز وڵاتی هەمووان نەبووە پێشووتر بەشار ئەسەد لە دەسەڵات بوو قۆرخی کردبوو، دەمانەوێت ئەو گەمارۆیەی سەر خەڵکی ئێمە کۆتایی بێت، لە چوار لاوە سوەیدا گەمارۆدراوە، بە جۆرێک کە ئاو نەماوە." 

سەلوان عاتفی خۆپیشاندەر گوتی: "گردبووینەتەوە بۆ ئەوەی بڵێین با خوێن ڕشتن کۆتایی بێت، بەهۆی خەڵکانی جیاکارەوە خەڵکی دیکەی بێتاوان دەمرن، ئێمە لەگەڵ کوشتن  و بڕین و وێرانکاریی نین، داوای ئاشتی دەکەین و دەستدرێژییمان نەکردۆتە سەر کەس، منداڵ و ئافرەتمان کراونەتە ئامانج و کوژراون، هیچ تاوانیان نییە."

بەشێک لە کوردانی نیشتەجێی بەرلین بەشدار و پشتیوانی خۆپیشاندانەکە بوون و پشتگیری یەکتریان بۆ داهاتووی سووریا بە گرنگ لە قەڵەمدا. 

خدر عەبدولکەریم، هونەرمەند دەڵێت: ئەوانەی لێرە گردبوونەتەوە دەیانەوێت دەنگی خۆیان بگەیەننە جیهان، کە پێکهاتەکانی عەلەوی کوژران، دواتر دروزەکان ڕەنگە ڕوویان بۆ کوردانیش بسوڕێنن، بۆیە ئەمە قبوڵکراو نییە.

عەباس خانەقینی، خۆپیشاندەر جەختی کردەوە، بەدڵنیاییەوە دروزەکان ستەمیان لێکراوە، هەروەکوو ئێمەی کورد کە چەندەها ساڵە ستەممان لێکراوە.

ڕووداوەکانی پارێزگای سوەیدا لە سووریا، بۆتە هۆکاری دابەشکردنی ڕەوەندی سووری بە سەر دوو بەرەدا، بەشێکیان لایەنگرو پشتیوانی حکوومەتی سووریان و بەشێکیشیان کە لە کورد و دروز و پێکهاتەکانن، ڕکابەری حکوومەتی نوێن. 

ئەو دوو بەرەیە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندینجار لە خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئەورووپا پەلاماری یەکتریان داوە و پێناچێت ئیتر بە ئاسانی بۆ داهاتووی سوریاش پێکەوە هەڵبکەن. 

یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، شەڕ لە نێوان هێزی دروزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا سەری هەڵدا.

دووشه‌ممه‌، 21ـی ته‌ممووزی 2025، ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـی ڕایگه‌یاند، ژمارەی کوژراوانی توندوتیژییەکانی پارێزگای سوه‌یدا لە باشووری سووریا بۆ هەزار و 265 کەس بەرز بووەتەوە.

 گوتیشی، لەو ژمارەیە 609 كه‌سی دروز كوژراون، كه‌ 194ـیان هاووڵاتیی سڤیل بوون و له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگریی سووریا كوژراون و شه‌شیان منداڵن و 16ـی دیكه‌یش ئافره‌تن.

ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان باسی له‌وه‌ش كرد، له‌ به‌رانبه‌ردا 440 ئه‌ندامی وه‌زاره‌تی به‌رگری و دەزگای ئاسایشی گشتیی کوژراون، كه‌ 32 كه‌سیان به‌ده‌وییه‌كان و كه‌سێكی دیكه‌یان خاوه‌نی ڕه‌گه‌زنامه‌ی لوبنانی بووه‌. جگە لە 35 ئەندامی هۆزەکان، کە سێ کەسیان مەدەنی بوون و له‌ لایه‌ن دروزه‌كانه‌وه‌ له‌ سێدار دراون، هاوكات 15 كه‌سی دیكه‌ له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سووریا له‌ هێرشه‌كانی ئیسرائیلدا كوژراون.

 
Fly Erbil Advertisment