بڕیاری قەدەغەکردنی وەڵامدانەوە بە زمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان هەڵوەشایەوە

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری دادی عێراق ڕایگەیاند: وەزیری خوێندنی باڵا، بڕیاری چارەکردنی کێشەی وەڵامدانەوەی بە زمانی کوردی دا و تاقیکردنەوەکان بە هەمان میکانیزمی ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە دەچن.
شهممه، 26ـی تهممووزی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری دادی عێراق بڵاوی كردهوه، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نهعیم عهبوودی، وەزیری خوێندی باڵای فیدراڵ تاوتوێی كێشەی دوانووسراوی وەزارەتی خوێندی باڵایان کرد کە تایبەت بوو بە پشتبهستن تەنیا به زمانی عەرهبی لە تاقیكرنەوەكانی زانكۆی كەركووك و زانكۆكانی دیكه و قەدەغەكردنی وهرگێڕانی پرسیارەكان و وڵامدانەوە بە زمانی كوردی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری دادی عێراق ئاماژهی بهوه كردووه، نهعیم عهبوودی بڕیاری چارهکردنی کێشەکەی دا و تاقیكرنەوەكان بە هەمان میكانزمی ساڵانی ڕابردوو له زانكۆی كهركووک و زانكۆكانی دیكه بهڕێوه دهچن.
وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی کە ڕۆژی چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، دەرچووە؛ زانکۆکانی کەرکووک، مووسڵ و دیالەی ئاگادار کردووەتەوە، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندووەتەوە کە ڕێگەی بە قوتابییانی کورد دەدا، بە زمانی کوردی وەڵامی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بدەنەوە و دواتر وەرگێڕانیان بۆ بکرێت.
بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تایبەت بە قوتابییانی کورد لەو سێ زانکۆیە، ساڵی 2010 دەرچوو بوو، بەڵام وەزارەتەکە لە نووسراوەکەی ئەمجارەیەدا، دووپاتی کردووەتەوە، چیدیکە کار بەو بڕیارە ناکرێت و هەر زانکۆیەکیش پابەند نەبێت، سزا دەدرێت و ڕێکاری یاسایی لەگەڵی دەگیرێتەبەر.
شەممە، 26ـی تەممووزی 2025، ئەکادیمیای کوردی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بڕیاری ژمارە 6496ـی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ـی 7ـی 2025 دەرچووە و تێیدا زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردستانییهكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا قەدەغە کردووە "ڕیسوا دەکەین و بە بڕیارێکی ڕەگەزپەرستانەی دەزانین."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتبوو "داواکارین هەرچی زووترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە هەڵبوەشێنرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات. "