مه‌سرور بارزانی: ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا له باره‌ی یاسای نوێی نه‌وت گفتوگۆ بكه‌ین

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی خۆی له باره‌ی به‌كارهێنانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه كه كراوه‌ته كارتێكی سیاسیی له ناكۆكییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر؛ ده‌شڵێت، به‌پێی یاسا و ده‌ستووری عێراق، مووچه‌خۆران مافی خۆیانه به‌بێ دواكه‌وتن مووچه‌كانیان وه‌ربگرن.
شه‌ممه، 26ـی ته‌ممووزی 2025، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "الشرق نیوز"، كه پوخته‌یه‌كی بڵاو كراوه‌ته‌وه، جه‌ختی كرده‌وه، مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به پێی یاسا و ده‌ستووری عێراق مافی خۆیانە مووچه‌كانیان له كاتی خۆیدا به‌بێ هیچ دواكه‌وتن و كێشه‌یه‌ك وه‌ربگرن.
مه‌سرور بارزانی، هاوكات نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕیوه له‌وه‌ی پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته كارتێكی سیاسی. ده‌شڵێت، ئه‌مه كارێكی قبووڵكراو نییه، چونكه ته‌نانه‌ت دادگای فیدراڵی بڕیاری له باره‌ی مووچه داوه و جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، نابێت ببێته به‌شێك له ململانێكانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گوتووشیه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یاسا، ده‌ستوور و دادگای فیدراڵیش پشتیوانی له ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام مووچه‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی سێ مانگ دواكه‌وت و چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، ته‌نیا مووچه‌ی مانگی ئایار له لایه‌ن به‌غداوه خه‌رج كرا.
مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ هاتووه‌ته ناو ورده‌كارییه‌كانی مووچه و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش پێشێلكردنی ده‌ستووری عێراق و مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه، چاره‌سه‌ری ده‌ستوورییانه‌ی ئه‌م پرسه، بریتییه له ڕێككه‌وتن له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی داهاتووی فیدراڵی. گوتیشی، ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بكه‌ین سه‌باره‌ت به یاسای نوێی نه‌وت. تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش، هه‌ولێر هه‌وڵ دەدات له‌گه‌ڵ به‌غدا هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بێت بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان.
مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هێرشه درۆنییه‌كانی سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گوتی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ده‌زانن چ لایه‌نێك له پشت ئه‌و هێرشانه‌وه‌یه، به‌ڵام به باشی ده‌زانن چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ن. هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كرد، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به دڵنیاییه‌وه له‌م باره‌وه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و حكوومه‌تی عێراق له هه‌ماهه‌نگیدایه.
له‌باره‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ش، مه‌سرور بارزانی دووپاتی كرده‌وه، هه‌ر ئاڵۆزییه‌كی ئه‌منی له ناوچه‌كه، كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌مووان ده‌بێت.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان هاوكات سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سعوودیه و ئێران ڕایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ڕیاز زۆر باشن و مێژوویین، هاوكات هه‌ولێر ڕێز له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ تاران و وڵاتانی دراوسێی ده‌گرێت و نایه‌وێت ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر هیچ یه‌كێك له وڵاتانی دراوسێی و هاوكات به‌شێكیش نه‌بووه له كێشه‌كانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
له باره‌ی سووریاوهش، سەرۆک وەزیران گوتی، پێویسته دیمه‌شق ده‌رگا به ڕووی كورددا بكاته‌وه و داواكارییه‌كانی كوردی سووریا جێبه‌جێ بكات.