برسییەتی ژیانی منداڵانی غەززە درەو دەکات

پاش ٢١ مانگ لە شەڕ و سنووردارکردنی هاوکارییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەسەر شەقامێکی غەززەی وێرانکراودا، ئەو کفنەی کە زەینەب ئەبو حەلیبی تێدا پێچرابوو، نوێترین چیرۆکی مردنی منداڵان بەهۆی برسێتییەوە دەگێڕایەوە.
زەینەب ئەبو حەلیبی، تەمەن 5 مانگ، ڕۆژی هەینی بە مردوویی گەیەنرایە بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەی ناسر؛ کارمەندێکی مەیتخانە، بەوریاییەوە کراسە بە وێنەی میکی ماوس نەخشێنراوەکەی داکەند، بە ئاسانی پەراسووە باریکەکانی دەژمێردران، چاوەکانی زەینەبی بچکۆلانە بە قووڵداچوو و کراوەن.
ئیسرا، دایکی زەینەب گوتی: کاتێک کچەکەم لەدایک بوو، کێشی زیاتر لە ٣ کیلۆگرام بوو، بەڵام کە مرد، کێشی کەمتر بوو لە ٢ کیلۆگرام.
پێویستی بە شیری تایبەت بوو
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی غەززە کە ڕۆژی شەممە بڵاو کرایەوە، زەینەب، یەکێکە لەو ٨٥ منداڵەی کە لە ماوەی شەڕدا لە برسان مردوون.
باوکی زەینەب، ئەحمەد ئەبو حەلیب، لە کاتی ئامادەکاری بۆ نوێژ لەسەر جەنازەی کچەکەی لە حەوشەی نەخۆشخانەکە لە شاری خانیوونس لە باشووری کەرتی غەززە، بە ئاژانسی ئەسۆشییەیتد پرێسی وت: کچەکەم پێویستی بە شیری تایبەتیی منداڵان بوو، ئەوەش لە غەززە دەست ناکەوێت.
دکتۆر ئەحمەد ئەلفەرەح، بەڕێوەبەری بەشی منداڵان، گوتی: ئەمە حاڵەتێکی برسییەتی زۆر سەخت بووە، منداڵەکە پێویستی بە جۆرێکی تایبەتی شیر بووە بۆ ئەو منداڵانەی هەستیارییان بە شیری مانگا هەیە.
گوتیشی "زەینەب هیچ نەخۆشییەکی تری نەبووە، بەڵام نەبوونی ئەو شیرە بووەتە هۆی سکچوون و ڕشانەوەی بەردەوام و لاوازبوونی سیستەمی بەرگریی و لە ئەنجامدا تووشی هەوکردنی قوڕگ بوو و نەیدەتوانی هیچ شتێک قوت بدات."