نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێم له به‌غدا: بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراق پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره

نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا نووسراوێكی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی حكوومه‌تی فیدراڵ كردووه كه تایبه‌ته به بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی له باره‌ی پشتبه‌ستن تەنیا به زمانی عەره‌بی لە تاقیكردنەوەكانی زانكۆی كەركووك و زانكۆكانی مووسڵ و دیاله و قەدەغەكردنی وه‌رگێڕانی پرسیارەكان و وڵامدانەوەی قوتابییان بە زمانی كوردی.
شه‌ممه، 26ـی ته‌ممووزی 2025، نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا نووسراوێكی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی حكوومه‌تی فیدراڵ كردووه و تێیدا ڕایگه‌یاندووه، بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه به ژماره (ت م 3/8298) له 16/7/2025، له باره‌ی پشتبه‌ستن تەنیا به زمانی عەره‌بی لە تاقیكردنەوەكانی زانكۆی كەركووك و زانكۆكانی مووسڵ و دیاله و قەدەغەكردنی وه‌رگێڕانی پرسیارەكان و وڵامدانەوەی قوتابییان بە زمانی كوردی، هیچ پشتگیری و به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی نییه و هیچ ڕێنماییه‌ك نایگرێته‌وه.
نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا گوتووشیه‌تی، بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی حكوومه‌تی فیدراڵ، پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی (4)ـی ده‌ستووری ساڵی 2005 و دژی بنه‌مای یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریشه، كه له مادده‌ی (14)ـی هه‌مان ده‌ستووردا جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، به شێوه‌یه‌ك ئه‌م بڕیاره بێبه‌شكردنی توێژێكی زۆری قوتابییانی كورد له‌و مافه ده‌ستوورییه‌یان.
نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا باسی له‌وه‌ش كردووه، هیچ یاسایه‌كی عێراقیی نییه ڕێگه له‌وه ناگرێت پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان له به‌ش و كۆلێژه‌كان به زمانی كوردی دابنرێت، به‌ڵكوو ته‌واو گونجاوه له‌گه‌ڵ بنه‌مای فره‌یی و داننان به فره‌یی ڕۆشنبیری و زمان كه ده‌ستوور جه‌ختی له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا ده‌شڵێت، ڕێگریكردن له دانانی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان به زمانی كوردی، ده‌بێته هۆی دابه‌زینی ئاستی وه‌رگرتن و تێگه‌یشتنی قوتابییان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنی ده‌كاته سه‌ر پرۆسه‌ی فێربوون و كوالێتییه‌كه‌ی.
هاوكات نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له پێناو به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری، یه‌كسانی، جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، به‌هێزكردنی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی فیدراڵ، به تایبه‌تی جێبه‌جێكردنی دوایین ڕێككه‌وتنی نێوانیان كه تایبه‌ت به وه‌رگرتنی ڕێژه‌ی 5%ـێ ده‌رچووانی كۆلێژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دابینكردنی 100 كورسی خوێندنی باڵا بۆ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، داوا ده‌كات وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی حكوومه‌تی فیدراڵ ناوه‌رۆكی ئه‌م نووسراوه و بڕیاره‌كه‌ی هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه.

