لە ویلایەتی مشیگان کەسێک هێرشی کردە سەر خەڵک و 11 کەسی بریندار کرد

کەسێک هێرشی کردە سەر  بازاڕێکی وۆلمارت لە ویلایەتی مشیگانی ئەمەریکا و 11 کەسی بریندارکرد، پۆلیسیش دەڵێت: هێرشکارەکەمان دەستگیر کردووە.

مایکل شیا، فەرماندەی پۆلیسی هەرێمی گراند ترافیرس لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کەسەکەی هێرشی کردووەتە سەر بازاڕێکی وۆلمارت لە ویلایەتی مشیگان، تەمەنی 42 ساڵە و ئێستا لەلای پۆلیس دەستبەسەرە، دەشڵێت: تا ئێستا ناسنامەی قوربانییەکان ئاشکرا نین، بەڵام هێرشکارەکە دانیشووی مشیگانە و لە هێرشەکەدا چەقۆی بەکارهێناوە.

ناوەندی مۆنسۆن بۆ چاودێری تەندروستی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: شەش کەس لە قوربانییەکانی هێرشەکە دۆخی تەندروستییان ئاساییە، پێنجی دیکەش دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و ژیانیان لە مەترسیدایە.

فەرماندەی پۆلیسی هەرێمی گراند ترافیرس ئاشکرای کرد، قوربانییەکان، شەشیان پیاون، پێنجی دیکەش ئافرەتن، سێ لەو قوربانییانە نەشتەرگەرییان بۆ کراوە.

گریتشن ویتمەر، حاکمی ویلایەتی مشیگان ڕایگەیاند: لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە گفتوگۆی کردووە، بە بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکە بکەن و لێدوانی لەبارەوە بدەن.

جولیا مارتێلی تەمەن 30 ساڵ کە لەنزیک ڕووداوەکە بووە، بە ڕۆژنامەی نیوۆرک تایمزی ئەمەریکی ڕاگەیاندووە، گوێی لە هاوار و دەنگی کەسێک بووە، دواتر بینیویەتی کەسێک چەقۆی بەدەستەوەیە و بۆ دەرمانخانەیەکی بازاڕەکە ڕادەکات، دەڵێت: بینیم هێرشی دەکردە سەر خەڵک و برینداری دەکردن، گوتی: بینیم سێ کەس برینداربوون و خوێنیان لێ دەچۆڕا.

مایکل شیا، فەرماندەی پۆلیسی هەرێمی گراند ترافیرس ڕایگەیاند: هاووڵاتییان هاوکار بوون بۆ دەستگیرکردنی هێرشکارەکە.

شارۆچکەی ترافیس دەکەوێتە دەورووبەری دەریاچەی مشیگان، ناوچەکە، ناوچەیەکی گەشتیاریی سەرنج ڕاکێشە.