گەیاندنی هاوکاری مرۆیی لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە بۆ ناو غەززە دەستیپێکرد

کەناڵی هەواڵی قاهیرە ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، ڕایگەیاند، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە دەستیپێکرد.
کەناڵی قاهیرە چەند گرتە ڤیدیۆییەکی کاروانی هاوکارییە مرۆییەکانی لە دەروازەی سنووری ڕەفەح بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، بارهەڵگرەکانی هاوکاریی چوونە ناو کەرتی غەززە.
هاوکات ئیسرائیل "ڕاگرتنی تاکتیکی" ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە بەشێک لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی ڕێگە بدات هاوکارییەکان بەسەر فەڵەستینییەکان دابەش بکرێت.
لای خۆیەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا سوپای ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرکردایەتیی سیاسیی وڵاتەکەیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە؛ ڕۆژانە لە سێ ناوچەی غەززە سوپا هەموو چالاکییەکی سەربازی ڕادەگرێت و ئاگربەستی کاتی ڕادەگەیەنرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئاگربەستە کاتییەکە ڕۆژانە لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی تا 08:00ـی شەو لە هەر سێ ناوچەی (دێر ئەلبەلح، مەواسی و شاری غەززە) لە کەرتی غەززە جێبەجێ دەکرێت و ئامانج لێی، دابینکردنی ڕێڕەوێکی ئەمنییە بۆ هێنانەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە تا بەسەر خەڵکی کەرتەکەدا دابەش بکرێت.
ئەم ئاگربەستەی سوپای ئیسرائیل تاک لایەنەیە و حەماس تێیدا بەشدار نییە. هەفتەی ڕابردوو لێکنزیکییەکی زۆر هەبوو بۆ ڕێککەوتن و ڕاگەیاندنی ئاگربەستێک بۆ ماوەی دوو مانگ لە چوارچێوەی ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی و زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکران، بەڵام ئیسرائیل و ئەمەریکا حەماسیان بە تێکدانی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار کرد و ئەویش تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە.
ئەم بڕیارەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارە کردنی خراپتربوونی قەیرانی برسێتی لە ناوچەی گەمارۆدراوی فەڵەستین، کە بەهۆی شەڕی بەردەوامی زیاتر لە 21 مانگەوە وێران بووە.
فیلیپ لازارینی، کۆمیساری گشتیی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) ڕایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان و هەڵدانی لە ڕێگەی پەڕەشووتەوە زۆر کاریگەری نییە بۆ ئەو کارەساتە مرۆییە بەردەوامەی ئێستا هەیە لە کەرتەکە.