سبەی ستارمەر و ترەمپ لەسەر پرسی ئاگربەستی غەززە لە سکۆتلەندا کۆدەبنەوە
بڕیارە سبەی دووشەممە، کێیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە شارۆچکەی ئەبەردینی سکۆتلەندا کۆببنەوە، هەردوولا ڕای جیاوازییان لەبارەی جەنگی سەر کەرتی غەززە هەیە.
ڕۆژنامەی تەلیگراف بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەری هەیە ستارمەر فشار لە ترەمپ بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگی سەر غەززە بێنێت و ئاگربەستی هەمیشەیی ڕابگەیەندرێت، ئەگەری ئەوەش هەیە لەگەڵ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئەم پرسە ڕای دژ بەیەکیان هەبێت، چونکە پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو، حەماس ئاگربەست و ئاشتی ناوێت.
هەر بە پێی ڕۆژنامەی تەلیگراف، کۆبوونەوەی دوو لایەنەی نێوان ستارمەر و ترەمپ، بەشێوەیەکی سەرەکی تیشک دەخرێتە سەر شێوازیی سوود وەرگرتنی بەریتانییەکان و ئەمەریکییەکان لە ڕێککەوتنی بازرگانیی نێوان بەریتانیا و ئەمەریکا کە پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو.
ئەگەری هەیە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەهەندێ پرسی زۆر هەستیار نەرمی بنوێنێت، هاوکات هەوڵ دەدات گرەنتی ئەوە بکات جەنگی سەر غەززە بە یەکجاری کۆتایی دێت، لەگەڵ ئەوەشدا دووپات لە ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل دەکاتەوە کە ئێستا 50 کەسیان لەدەستی حەماسدا ماونەتەوە.
لە سکۆتلەندا، ستارمەر داوای پشتیوانی زیاتر بۆ ئۆکرانیا دەکات، لەگەڵ ڕێکارەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، پێشتریش بەڵێنیدا دان بە دەوڵەتی فەڵەستینییەوە بنێت، بەڵام دووپاتیشی کردەوە کە دەبێت پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا بەشێک بێت لە هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا.