هێزێكی پۆلیسی فیدرالی په‌لاماری كامێرامان و په‌یامنێری كوردستان 24 ده‌دات
جووتیارانی كورد، وێڕای به‌رگری له‌و تیمه، سوپاسی كوردستان 24 ده‌كه‌ن

K24 - سه‌رگه‌ڕان:
هێزێكی پۆلیسی فیدرالی كه بۆ پشتیوانی عه‌ره‌بی هاورده بۆ داگیركردنی زه‌ویی جووتیارانی كورد له سه‌رگه‌ڕان بوون، په‌لاماری په‌یامنێر و كامێرامانی كوردستان 24یان داوه و ویستوویانه كامێراكه‌یان لێ بسه‌نن، به‌ڵام جووتیاران به‌رگریان لێكردوون.
هێمن ده‌لۆ، په‌یامنێری كوردستان 24 رایگه‌یاند، كاتێك بۆ گواستنه‌وه‌ی رووداوه‌كان له‌و شوێنه بووین، كه عه‌ره‌به هاورده‌كان به پشتیوانی هێزێكی پۆلیسی فیدرالی هاتبوونه گوندی خه‌رابه‌ی سه‌رگه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ی زه‌وی جووتیارانی كورد داگیربكه‌ن، ئه‌و كاته‌ی به كامێرا وێنه‌ی شوێنه‌كه‌مان تۆمار ده‌كرد، ئه‌ندامانی پۆلیسی فیردالی هه‌وڵیاندا ده‌ست به‌سه‌ر كامێراكه‌دا بگرن، به‌ڵام خه‌ڵك رێگریان لێ‌كردن.
ده‌لۆ راشیگه‌یاند، ئه‌وان ته‌نیا بۆ گواستنه‌وه و نیشاندانی راستییه‌كان له‌وێ بوونه كه تێیدا عه‌ره‌بی هاورده به پشتیوانی پۆلیسی فیدرالی ده‌یانه‌وێ سته‌م له جووتیارانی كورد بكه‌ن و زه‌وییه‌كانیان داگیربكه‌ن، له‌كاتێكدا به گوێره‌ی قسه‌ی جووتیارانی كورد، هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك نییه بیسه‌لمێنێت عه‌ره‌بی هاورده خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كان بكه‌ن.
له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ـه‌وه هه‌وڵه‌كانی راكان جبووری، پارێزگاری سه‌پێنراوی كه‌ركووك و عه‌ره‌به هاورده‌كان بۆ داگیركردنی ئه‌و زه‌وییانه ده‌ستیانپێكردووه.
جووتیارانی كوردیش له‌ناوچه‌كه سوپاسی كوردستان 24 و كامێرامان و په‌یامنێری كوردستان 24 ده‌كه‌ن، كه به‌رده‌وام هاوكار بوونه له گواستنه‌وه‌ی خه‌مه‌كانیان و نیشاندانی راستییه‌كان، به‌تایبه‌تیش ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه بۆ داگیركردنی زه‌وییه‌كانیان ده‌ستیپێكردووه.