تەندروستیی جیهانی: لە غەززە بەدخۆراکی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریدا لەوەی کە بەدخۆراکی لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە 'ئاستێکی مەترسیدار' و ژیانی زۆر کەسی لەناو بردووە.
ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: "کەرتی غەززە دۆخێکی بەدخۆراکی مەترسیداری بەخۆوە بینیوە، ئەمەش بە زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی گیانلەدەستدان لە مانگی تەممووزدا".
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، لەکۆی 74 حاڵەتی مردنی تۆمارکراو کە پەیوەندییان بە بەدخۆراکییەوە هەیە لە ساڵی 2025دا، 63 حاڵەتیان لە مانگی تەممووزدا بووە، 25یان منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵین و 38 کەسی دیکەش بەتەمەنن.
دەشڵێت: زۆربەی ئەم کەسانە لە کاتی گەیشتنیان بە دامەزراوە تەندروستییەکان لەدوای ماوەیەکی کەم گیانیان لەدەستداوە.
ڕێکخراوەکە گوتیشی: ڕێگری و بە ئەنقەست دواخستنی هاوکارییە مرۆییەکانی وەک خۆراک، پێداویستی تەندروستییەکان، بوونەتە هۆی گیانلەدەستادانی چەندان کەس".
هەروەها ئاماژەیداوە، "نزیکەی یەک لە پێنجی منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ لە غەززە بەدەست بەدخۆراکییەکی توند گرفتارن."
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە دوو هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەدا زیاتر لە پێنج هەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ، چارەسەری بەدخۆراکییان وەرگرتووە، کە 18%یان تووشی توندترین حاڵەتی بەدخۆراکی بوون.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، 6500 منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە چارەسەر کراون، ئەوەش زۆرترین ژمارەیە لەدوای دەستپێکردنی شەڕ لە تشرینی یەکەمی 2023دا. هەر لەم مانگەدا 73 منداڵی دیکە بەهۆی بەدخۆراکی توند لە نەخۆشخانە خەوێندراون، لەکاتێکدا لەمانگی پێشوودا 39 منداڵ لە نەخۆشخانە خەوێندرا بوون. سەبارەت بە ژنانی دووگیان و شیردەر، زیاتر لە 40%یان بەدەست بەدخۆراکی توندەوە گرفتارن.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەوە تەنیا برسێتی نییە کە مرۆڤ دەکوژێت، بەڵکو گەڕان بەدوای خۆراکدا، خێزانەکان ناچار دەکات ژیان و گیانیان بخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی بڕە خۆراکێکیان دەست بکەوێت."