کۆنگۆی دیموکرات.. لە هێرشێکدا بۆ سەر کەنیسەیەک زیاتر لە 40 کەس کوژران

شارۆچکەی کۆماندا لە کۆنگۆی دیموکرات، وێنە (AFP)
شارۆچکەی کۆماندا لە کۆنگۆی دیموکرات، وێنە (AFP)

بەگوێرەی ئامارەکانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سوپای کۆنگۆ، لە هێرشێکی هێزەکانی دیموکراتی هاوپەیمانان بۆ سەر کەنیسەیەکی باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، زیاتر لە 40 کەس کوژران.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، دوێنێ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، هێزەکانی دیموکراتی هاوپەیمانان کە هێزێکی چەکدارین، هێرشیان کردووەتە سەر کەنیسەیەکی کاسۆلیکی لە شارۆچکەی کۆماندا.

نوێنەرایەتی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگۆ ڕایگەیاند، لە هێرشەکەدا 43 کەس کوژراون کە نۆ لەو کوژراوانە منداڵن.

ڤیڤیان ڤان دی پێرێ، جێگری سەرۆکی نوێنەرایەتی ئاشتیپارێز، گوتی: ئەم هێرشانە کە خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج، بەتایبەتی لە شوێنەکانی پەرستش، نەک هەر قێزەونە بەڵکوو پێچەوانەی هەموو پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە.

سوپای کۆنگۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، "نزیکەی 40 هاووڵاتی مەدەنی بە 'ساتور' کوژراون و چەند کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربوون"، ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی دیموکراتی هاوپەیمانان بڕیاریداوە تۆڵە لە دانیشتوانی ئاشتیخواز و بێ چەک بکاتەوە و ترس و تیرۆر بڵاو بکاتەوە. پێشتریش سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوە کردبوو کە 35 کەس لەو هێرشەدا کوژراون.

شارۆچکەی کۆماندا لە ناوچەی ئیرۆمۆ ناوەندێکی بازرگانییە کە سێ پارێزگای دیکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە- چۆپۆ، باکووری کیڤو و مانیما لە ڕۆژهەڵاتی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات.

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment