حەماس: لەژێر گەمارۆ و برسێتیدا دانوستان هیچ سوودێکی نییە

خەلیل حەیە، بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، ڕایگەیاند، بزووتنەوەکە ناتوانێت لە دانوستانەکانی ئاگربەست بەردەوام بێت، لە کاتێکدا گەمارۆ و جینۆساید و برسێتیکردنی خەڵکی مەدەنی بەردەوامە.
جەختیشی لەوەش کردەوە، هاتنە ناوەوەی دەستبەجێ خۆراک و دەرمان بەشێوەیەکی باش "گوزارشت لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان دەکات".
خەلیل حەیە لە وتارێکی تۆمارکراودا دەڵێت: هیچ سوودێکی نییە بەردەوام بێت لە دانوستانەکان لە ژێر گەمارۆ، جینۆساید، برسیکردنی منداڵ و ژنان و خەڵکی لە کەرتی غەززە.
بەرپرسی بزووتنەوەکە هۆشداریشیدا لەوەی حەماس "قبووڵ ناکات گەلەکەی، ئازار و خوێنی ڕۆڵەکانی ببنە قوربانی یاری دانوستانەکانی داگیرکاری و گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان".
گوتیش: ئێمە ئەو سیناریۆ گاڵتەجاریانە ڕەتدەکەینەوە بەناوی خستنەخوارەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگەی فڕۆکەوە، کە لە پڕوپاگەندە زیاتر هیچی دیکە نییە بۆ داپۆشینی تاوانەکان.
دوێنێ یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند و ئاماژەشی دا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەی مەواسی کەرتی غەززە، ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 8ـی ئێوارە ئاگربەستی مرۆیی رادەگەیێنێت، هاوکات بە ڕێگەیەکی پارێزراو کاروانی خۆراک و دەرمان ڕۆژانە دەگەیێندرێنە غەززە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، فڕۆکەکانی ئوردن و ئیمارات نزیکەی 25 تۆن هاوکاری مرۆییان گەیاندووەتە غەززە، هەروەها لە هەواڵەکەی ئاژانسی رۆیتەرزدا هاتووە، ڕێکخراوی مانگی سووری میسریش زیاتر لە 100 بارهەڵگر و هەزار و 200 تۆن خۆراکی ڕەوانەی غەززە کردووە.
لای خۆشیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە گوتی: ئێمە 60 ملیۆن دۆلارمان بۆ دابینکردنی خۆراک لە کەرتی غەززە بەخشیوە، پێم وایە هیچ وڵاتێک وەکوو ئێمەی نەکردووە، کەچی کەس باسی نەکردووە، ئاماژەی بەوەش دا، لە دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتەکە بەردەوام دەبن، بەڵام دەبێت وڵاتانی دیکەش لەو هەوڵە بەشدار بن.