ئێران دەیەوێت لە پەیماننامەی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بکشێتەوە

گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، تاران بیر لە کشانەوەی لە پەیماننامەی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەکاتەوە.

دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، ئیبراهیم ڕەزایی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، "ئەندامانی لیژنەکە کار لەسەر داڕشتنی پڕۆژە یاسایەک دەکەن کە حکوومەت ناچار دەکات لە پەیماننامەی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بکشێتەوە، ئەگەر هەرسێ وڵاتە زلهێزەکەی ئەورووپا سزاکانی سەر ئێران کارابکەنەوە.

ئیبراهیم ڕەزایی ئاماژەی بەوەش کرد، "لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمان، تاوتوێی کاردانەوەکانی کاراکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران لە لایەن هەرسێ وڵاتانی ئەورووپا بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کرد.

سەبارەت بە پڕۆژە یاسایە پێشنیاز کراوەکە، دەڵێت: ئەگەر ئەورووپیەکان سزاکانی سەر ئێران چالاک بکەنەوە، پێویستە حکوومەت لە پەیماننامەی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بکشێتەوە. گوتیشی: کاری داڕشتنی پڕۆژە یاساکە لەلایەن لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە بەردەوامە.

هەروەها مەجید خادمی، بەرپرسی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران، هۆشداری دایە ئەورووپییەکان لە کاراکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران.

گوتیشی: ئەگەر هەرسێ وڵاتە ئەورووپیەکە بیانەوێت هەر هەنگاوێک بنێن، ئێمە بژاردەمان هەیە کە دەتوانین بەکاریان بهێنین و کاریگەریشیان دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەورووپییەکان ئەوکات گەورەترین زەرەرمەند دەبن.

هاوکات هەفتەی ڕابردوو، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، گوتی: ئەو بانگەشانەی بۆ نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکرێن، تەنیا خەیاڵە.

سەربارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پزیشکیان گوتی: دۆناڵد ترەمپ دەڵێت لە هێرشەکاندا بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بەتەواوی لەناو بردووە، ئەمە "خەیاڵە"، چونکە توانای ئەتۆمی ئێمە لە مێشکی زاناکانمانە نەک دامەزراوەکان.

پێشتر ئەنوەر عەنونی، گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەورووپا ڕایگەیاند، داوا لە ئێران دەکات دەست بە هاوکاریی و هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی بکاتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی پرۆژەی ئەتۆمییەکەی.

عەنونی ئاشکرای کردووە، بڕیاری دووبارە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، ئەوانیش، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا دەگرێتەوە کە پەیوەستن بەم پرسەوە.

 

 
Fly Erbil Advertisment