بەقایی: دانوستانەکان لەسەر لابردنی گەمارۆکان و کێشە ئەتۆمییەکان چڕبوونەتەوە

وروژاندنی بابەتە لاوەکییەکان، نیشانەی سەرلێشێواویی لایەنە ئەوروپییەکانە

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند،  دانوستانەکان لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە ڕۆژی هەینی ڕابردوو بەڕێوەچوون و پێشبینی دەکرێت بەردەوام بێت.

دووشەممە، 28ـی تەممووز، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە دانوستانەکان و پێشنیازی درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "گفتوگۆکان لەسەر لابردنی گەمارۆکان و کێشە ئەتۆمییەکان چڕبوونەتەوە؛ لەوانەیە لایەنە ئەوروپییەکان لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ ڕووداوەکان هەبێت، بەڵام مەرج نییە ئەوە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئێرانیش بێت."

سەبارەت بە میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی: لایەنەکان هەوڵیان داوە ئەم میکانیزمە وەک کارتێکی فشار بەکار بهێنن، بەڵام ئێمە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە لایەنە ئەورووپییەکان لە بنەڕەتدا، مافی ئەوەیان نییە ئەم ئامرازە بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان بەکار بهێنن. ئەگەر ئەوان هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێن، ڕووبەڕووی وەڵامی گونجاوی ئێران دەبنەوە. هەڕەشەکانی ئەوان دەربارەی گەڕاندنەوەی سزاکان، کاردانەوەی لەناو کۆمەڵگاکەماندا لێ کەوتووەتەوە، بۆیە ئێمە بە وردی چاودێری ئەم باسانە دەکەین.

بەقایی، سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا وتی: ئێستە ئێمە هیچ بەرنامەیەکمان بۆ ئەم مەبەستە نییە و هەر کاتێک گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان دابین دەکرێت، ڕای خۆمان ئاشکرا دەکەین.

کاردانەوە بەرانبەر لێدوانەکانی ترەمپ

سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپ لەسەر لێدانی گورزی سەخت لە ئێران و ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی: من نامەوێت لەسەر ئەو باسانەی کە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی خۆیان دەیکەن، هیچ بڵێم. پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێمە ڕوونە و پێویستی بە دووبارە باس لێوەکردن نییە.

هەروەها سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە گوایە ئێران پلانی تیرۆرکردنی بەرپرسانی ئەمەریکی دارشتووە، ڕایگەیاند "ئەم جۆرە تۆمەتانە چەندان مانگە دەستیان پێ کردووە و ئێمە هەمیشە هەڵوێستی خۆمان ڕاگەیاندووە کە مەبەستی ئەوان تەنیا بۆ ئاژاوەنانەوە و شێواندنی ڕاستییەکانە."

چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕوونە

سەبارەت بە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران، بەقایی گوتی: لەسەر پرسی پیتاندن، هەڵوێستی ئێمە لەلایەن وەزیری دەرەوە ڕاگەیەندراوە. بابەتەکە سادەیە، ئەگەر بڕیارە ئێران وەک ئەندام لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بمێنێتەوە، دەبێت لەگەڵیدا سوودمەند بێت لە ماف و ئیمتیازە زۆرەکانی. چارەنووسی بەردەوامیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بە پیتاندنیشەوە، زۆر ڕوونە.

سەردانی بەرپرسێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کرد و گوتی: ئێمە هێشتا پابەندین بە ڕێککەوتننامەکانی پاشکۆکان و بڕیارە شێوازنامەیەکی نوێ لەگەڵ ئاژانس پێناسە بکەین. بە لەبەرچاوگرتنی بڕیاری پەرلەمان، دەبێت بزانین چۆن دەتوانین بەردەوامیی بە هاوکارییەکان بدەین.. لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا یەکێک لە بەرپرسانی ئاژانس سەردانی ئێران دەکات.

سەبارەت بە هەڵسوکەوتی فەرەنسییەکان بەرامبەر بە ئێران و دۆسییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەقایی گوتی: هەر دانوستانێک دوو لایەنی هەیە، دانوستانەکانی ئێمە لەگەڵ لایەنە ئەوروپییەکان دیاریکراوە و تەوەری سەرەکی لابردنی سزاکان و پرسی ئەتۆمییە؛ وروژاندنی بابەتە لاوەکییەکان، نیشانەی سەرلێشێواویی لایەنە ئەوروپییەکانە. سەبارەت بە توانا بەرگرییەکانیشمان، گەلی ئێران زیاتر سوورە لەسەر پاراستنی و بە هیچ شێوەیەک بڕیار نییە لەوبارەیەوە گفتوگۆ بکرێت.

کۆبوونەوەی ئێران، چین و ڕووسیا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان ئێران، چین و ڕووسیا گوتی: ئەو کۆبوونەوە لەسەر بابەتی ئەتۆمی و ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر میکانیزمی ناسراو سەپاندنەوەی سزاکان بەڕێوە چوو.

دیپلۆماسی ئامرازێک نییە بۆ زۆرداری و تۆقاندنی لایەنی بەرامبەر 

دەربارەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و وەرگرتنی گەرەنتی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی: گەورەترین گەرەنتی ئێمە، هێزی خۆمانە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەمەریکا جگە لەوەی تاوانێکی نێودەوڵەتی کرد، گورزێکی کوشندەشی لە بنەمای دیپلۆماسی و دانوستان وەشاند. ئەمە نابێت بە کەم سەیر بکرێت. شتێکی بێوێنەیە کە دوو وڵات لە دانوستاندا بن، وڵاتێکیان پلان بۆ دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر وڵاتەکەی تر دابرێژێت! ئێمە هیچ پاساوێک بۆ ئەم هێرشە سەربازییە نابینین. مەرجی هەر دانوستانێک گۆڕینی هەڵسوکەوتە بەرامبەر بە بنەمای دانوستان، بڕیار نییە دیپلۆماسی ببێتە ئامرازێک بۆ زۆرداری و تۆقاندنی لایەنی بەرامبەر.

وەڵامدانەوەی هەڕەشەی گەڕاندنەوەی سزاکان

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە هەڕەشەی گەڕاندنەوەی سزاکان و داواکاریی وڵاتانی ئەورووپی بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە، بەقایی ڕایگەیاند "ئێمە لە کاتی خۆیدا سەبارەت بە هەر ئەگەرێک بڕیار دەدەین. ئەگەر شتێکی وا ڕوو بدات و سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە بسەپێنرێنەوە، ئێمەش کاردانەوەی خۆمان دەبێت، هەرچەند هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان نییە." 

 

 
Fly Erbil Advertisment