ئوردن بە نیازە ڕۆژانە 40 هەزار بوتڵە غازی ماڵان بۆ سووریا دابین بکات

کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئوردن پلانی خۆی بۆ دابینکردنی غازی ماڵان بۆ سووریا ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، بوتڵی بەتاڵی غاز لە سووریاوە دەهێنین و لە ئوردن پڕی دەکەینەوە، دواتر بۆیان دەنێرینەوە.

حەسەن حەیاری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەم پڕۆژەیە و پێشکەشی سووریای دەکات.

حەسەن حەیاری ڕوونیکردەوە، پلانەکە بریتییە لە پڕکردنەوەی نزیکەی 40 هەزار بوتڵ غازی ڕۆژانە بۆ سووریا، جگە لە دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان.

بەگوێرەی ئەو پێشنیازەی کە ئوردن بۆ سووریای کردووە، بوتڵی غازی بەتاڵ لە وێستگەی پڕکردنەوەی غازی سەڵاحەددین کە سەر بە کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئوردنە، وەردەگیرێت، لەوێ پڕ دەکرێنەوە و دواتر دەگەڕێندرێنەوە بۆ سووریا بۆ ئەوەی دانیشتوانی باشووری سووریا سوودی لێ وەرگرن.

حەیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا پاڵاوگەکە ئامارێکی وردی بۆ پێویستی ڕۆژانەی دانیشتوانی سووریا لەبەردەستدا نییە.

کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئوردن تاکە بەرهەمهێنەری غازی شلە، هەروەها کۆمپانیاکە بەرپرسیارە لە پڕکردنەوەی غازی ماڵان لە ڕێگەی سێ وێستگەی سەرەکییەوە کە دەکەونە شاری عەممان، ئیربد و لەناو پاڵاوگەکە لە زەرقا.

پێشتر ساڵح خەرابشە، وەزیری وزە و سامانە کانزاکانی ئوردن ڕایگەیاندبوو، عەممان لەگەڵ دیمەشق گفتوگۆ دەکات بۆ دابینکردنی کارەبای سووریا.