شارەزایەکی کەشناسی: لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما لەنێوان 30 بۆ 35 پلەیە

لە وەرزی هاوین لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما لە 30 پلەی سیلیزی تێپەڕ ناکات و شارەزایەکی کەشناسی باس لەوە دەکات، ئەم شەپۆلەی گەرما جێگیر نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی تەممووزی 2025، د.عومەر ڕواندزی، مامۆستای زانکۆ و شارەزایی کەشناسی بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: لە هەرێمی کوردستان چەند ناوچەیەک هەن، لە چلەی هاوین فێنک و ساردن، ئەمەش بەهۆی بەرزی لووتکە چیاکان لەو شوێنانە، چونکە کاتێک بەرزی لووتکە چیاکان دەگاتە 150مەتر، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
عومەر ڕواندزی گوتیشی: لە ناوچەکانی پێنجوێن و حاجی ئۆمەران و چەند گوندێکی باڵەکایەتی لە شەودا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن، تەنانەت لە چەند گوندێکی دەڤەری باڵەکایەتی سۆپا دادەگیرسێنن.
ئەو شارەزایەیی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات، مانەوەی بەفر بە شێوەیەکی بەردەوام لەو ناوچانە و بەرزی لووتکەی چیاکان هۆکاری سەرەکین، هەروەها ئەگەر لە سەنتەری شارەکانی هەرێم پلەی گەرما 48 پلەی سیلیزی بێت، لەو شوێنانە لە نێوان 30 بۆ 35 پلەی سیلیزییە.
دەربارەی شەپۆلی گەرمای ئێستا، باسی لەوە کرد، ئەم شەپۆلە بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ لە وەرزی هاویندا دێت و دەڕوات، بەڵام جێگیر نییە.
وێزێ لە سنووری باڵەکایەتی یەکێکە لەو گوندانەی لە وەرزی هاوین بەفری لێیە و بە ڕۆژ پلەی گەرما لە 20 پلەی سیلیزی و لە شەوانیش لە 15 پلە تێپەڕ ناکات، هەروەها کەش و هەوایەکی ساردی هەیە و دانیشتووانی ئەو گوندە بەیانییان و ئێواران سۆپا دادەگیرسێنن.

گوندی وێزێ، سنووری باڵەکایەتی