لە ماوەی شەش مانگدا 121 حاڵەتی پەلاماردانی سەگ بۆ سەر هاووڵاتییان لە ڕاپەڕین تۆمارکراون

ژمارەی سەگی بێلانە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان زیادیان کردووە، بە جۆرێک لە هەندێک شوێن بوونەتە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان.
تەنها لە 6 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ، بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانە و گازگرتنیان لە هاوڵاتیان، 121 کەس گەیەنراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەهۆی بوونی دەرمان و پێداویستی تایبەت بە گازگرتنی سەگ، ئەو کەسانە توانراوە چارەسەریان بۆ بکرێت.
هەژار محەممەد، بەرپرسی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕانیە دەڵێت: بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لە مەترسییەکانی سەگی بێلانە، وانە و ڕێنمایی بەو منداڵانە دەوترێتەوە کە چۆن لەکاتی بوون و ڕووبەڕووبوونەوەی سەگی بێلانە خۆیان بپارێزن.
زۆرینەی ئەو کەسانەی ڕووبەرووی مەترسی و گازگرتنی سەگی بێلانە دەبنەوە، ئافرەتان و بەتایبەت منداڵانن کە توانای ڕوبەرووبونەوەی بارودۆخەکەیان نیە .
سۆما حاتەم ، پزیشکی ڤێرتێنەری گوتی: لەناو سەنتەری بەشێک لە شارەکان، بۆ دوورخستنەوە و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە، شەڵتەری تایبەت دروستکراوە ، بەڵام ئەو شەڵتەرانەش نەیانتوانیووە چارەسەری گرفتەکە بکەن، ڕۆژانە ئەو سەگانە زاوزێ دەکەن و زۆردەبن، هەر بۆیە زیاتر بڵاو دەبنەوە و مەترسی بۆسەر هاووڵاتیان دروستدەکەن .