مەزڵووم عەبدی: هیچ پێشنیازێکم پێ نەدراوە ببم بە سەرۆکی سووریا
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت: سعوودیە دەتوانێت ڕۆڵی گەورە لە دانووستانی نێوان ئێمە و دیمەشقدا ببینێت، دەشڵێت: هیچ پێشنیازێکم پێ نەدراوە ببم بە سەرۆکی سووریا.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لەگەڵ حکوومەتی سووریا لە پەیوەندی بەردەوامداین، دووپاتشی کردەوە، هەسەدە لەگەڵ حکوومەتی سووریایە بۆ ئەوەی سووپایەک بەیەکەوە دروست بکەن.
مەزڵوم عەبدی، ڕەتی کردەوە تورکیا هیچ ڕۆڵێکی لە دانووستانی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا هەبێت، دەڵێت: سعوودیە دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە لەم بارەیەوە ببینێت، وەک چۆن ڕۆڵی گرنگی بینی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا.
لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە دیدارێکی باش وەسفی کرد، ڕەتیشی کردەوە هیچ پێشنیازێکی پێ درابێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی سووریا.
.فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دووپاتی کردەوە، هێزە کوردییەکان لەگەڵ هەسەدە یەکڕیز و یەکدەنگن، ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ دڵنیاییەکیان نییە هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا بکەن بەبێ گرەنتییەکی دەستووری.
لە 10ی ئازاردا، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕێککەوتنێکیان واژوو کرد بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە حکوومەتی نوێی سووریا، لەوانەش دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و گاز، هەروەها ڕێککەوتنەکە یەکپارچەیی خاکی سووریای دووپات کردەوە و دابەشکردنیشی ڕەتکردەوە، لەو کاتەوە چەندین دانیشتنی دانوستاندن بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لەم بارەوە نەهاتووەتە دی.