ڕۆیتەرز: چەکدارە سوورییەکان هاووڵاتییانی درووزیان کۆمەڵکوژ کردووە

ساتی کوژرانی مونیر ئەلڕەجما
ساتی کوژرانی مونیر ئەلڕەجما

لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیدا، دەردەکەوێت چەکدارانی سەر بە حکوومەتی سووریا بە جلوبەرگی سەربازییەوە 12 هاووڵاتی سڤیلی درووزی بێچەک لە سوەیدا دەکوژن. گرتە ڤیدیۆییەکان لەلایەن بکوژەکان، یان ئەو کەسانەی لەگەڵیاندا بوون، تۆمارکراون.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕاپۆرتێکی دەربارەی کوشتاری درووزەکان لە ناوچەی سوەیدا، لە لایەن چەکدارانی سەر بە حکوومەتی نوێی سووریا، بڵاو کردووەتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، چەکدارەکان، کوشتنی هاووڵاتییە درووزە بێچەکەکان بە ڤیدیۆ تۆمار دەکەن و دواتر، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی دەکەنەوە.  

لە یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆییانەدا دەردەکەوێت، چەکدارەکان، سێ پیاوی بێچەک ناچار دەکەن بچنە سەر باڵکۆنێکی بەرز و دواتر بەدەم تەقەلێکردنەوە ناچاریان دەکەن لەوێوە خۆیان هەڵبدەنە خوارەوە.. یەکێک لە چەکدارەکان داوا لە هاوڕێکەی دەکات دیمەنی کەوتەخوارەوەی پیاوەکان تۆمار بکات!

لە دیمەنێکی دیکەی گرتە ڤیدیۆییەکەدا، چەکدارە سوورییەکان، چەند پیاوێکی درووز، کە بە ڕیز بەسەر شۆستەیەکدا دەڕۆن، لەپڕ دەدەنە بەر دەستڕێژ و دەیانکوژن. 

ڕۆیتەرز، خاڵە دیارەکانی ناو هەریەک لە ڤیدیۆکان و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزان و هاوڕێیانی قوربانییەکانی بۆ پشتڕاستکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان و دڵنیابوونەوە لە چۆنیەتی ڕوودانی کوشتارەکان، بەکارهێناوە.

 ڕۆیتەرز، بۆی دەرکەوتووە، ئەو سێ کەسەی ناچار دەکرێن لە باڵکۆنەکەوە خۆیان بخەنە خوارەوە، ناویان موعاز عەرنووس و براکەی، بەراو عەرنووس و ئامۆزاکەیان، ئوسامە عەرنووسە. ئەوانە، هەرسێکیان، ڕۆژی 16ـی تەممووز، لە ماڵەکەی خۆیان لە سوەیدا، لە لایەن چەکدارانی سەر بە حکوومەتی نوێی سووریاوە کوژران. 

ویئام، کوڕێکی گەنجی درووزە، بە پەیامنێری ڕۆیتەرزی گوتووە "باوکم، مونیر ئەلڕەجما، تەمەن 60 ساڵ، پاسەوانی بیری ئاو بوو، دوو چەکداری گەنج، تەقەیان لێ کرد و کوشتیان؛ تەنیا تاوانی باوکم ئەوە بوو کە درووز بوو!" 
لە گرتە ڤیدیۆییەکدا، کوشتنی ئەلڕەجما تۆمار کراوە و ڕاستیی قسەکانی ویئام دەسەلمێنێت.

ڤیدیۆکان، هەندێک لە وردترین دیمەنەکانی ئەو کوشتارە دەخەنەڕوو کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا لە پارێزگای سوەیدا ڕووی دا. سەرەتا، توندوتیژییەکان لە نێوان میلیشیا درووزە ناوخۆییەکان و چەکدارە عەشایەرە بەدەوییەکاندا بوو و دواتر، هێزەکانی حکوومەت نێردران بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕۆیتەرز و دوو گروپی چاودێری، توندوتیژییەکان بوونە هۆی کوژرانی سەدان کەس کە زۆربەیان درووز بوون.

ڕۆیتەرز، توانیویەتی لە ڕێگەی شوێنە دیارەکانی ناو ڤیدیۆکانەوە شوێنی جوگرافیی ڕووداوەکان دیاری بکات. ڕووداوە تۆمارکراوەکان و کاتی ڕوودانیان لە ڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ حەوت کەس لە خزم و هاوڕێیانی قوربانییەکانەوە پشتڕاست کراونەتەوە. هەموویان گوتیان کە پێیان وایە هێزەکانی حکوومەتی سووریا کەسوکارەکنیانی کوشتووە.

ئاژانسەکە نەیتوانیوە ناسنامەی هێرشبەرەکانی ناو ڤیدیۆکان ئاشکرا بکات، یان بزانێت کێ بۆ یەکەمجار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە. بەپێی پێداچوونەوەیەک بە پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، گرتە ڤیدیۆییەکان لە دوای 18ی تەمموزەوە بڵاو کراونەتەوە.

نووسینگەکانی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا، پرسیارەکانی ڕۆیتەرزیان سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە، وەڵام نەداوەتەوە.

وەزارەتی بەرگریی سووریا لە ٢٢ی تەمموزدا ڕایگەیاند "ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتانەیە کە گروپێکی نەناسراو بە جلوبەرگی سەربازییەوە پێشێلکاریی گەورە و ترسناکیان لە سوەیدا کردووە." بەڵام ئاماژەی بە کوشتاری درووزە بێچەکەکان نەکردبوو.

وەزارەتەکە، بەڵێنی دا لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان بکات، تاوانباران دەستنیشان بکات و توندترین سزایان بدات، تەنانەت ئەگەر سەر بە وەزارەتی بەرگریش بن.

گروپێکی مافی مرۆڤ: لانیکەم 1000 کەس کوژراون

سووریا، لە دوای ڕووخانی لەناکاوی ڕژێمی بەشار ئەسەد و دەوڵەتە پۆلیسییەکەی لە کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، دوای 14ساڵ شەڕ و پێکدادان، تووشی چەندین شەپۆلی ناکۆکی تائیفی بووە. حکوومەتە نوێیەکە کە لەلایەن گروپێکی پێشووی ئیسلامیی سوننەوە سەرکردایەتی دەکرێت و ڕەگ و ڕیشەی جیهادی جیهانیی هەیە. حکوومەتە نوێیەکە، سوپای ئەسەدی هەڵوەشاندەوە و هەوڵی دا دەیان گرووپی یاخیی  تێکەڵ بە سوپای نیشتمانی بکات، بەڵام ئەو گرووپانە لە پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیدا ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.

پارێزگای سوەیدا، زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن و نزیکەی 3%ی دانیشتووانی پێش شەڕی سووریا کە 24 ملیۆن کەس بوون، پێک دەهێنن. ئەو کارەساتانەی ئەوێ چوار مانگ دوای زنجیرەیەک کوشتار لە دژی کەمینەی عەلەوییەکان هات، کە تێیدا گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتە نوێیەکە سەدان کەسیان لە ناوچە کەناراوییەکاندا کوشت.

نائارامییەکانی سوەیدا لە 13ی تەمموزدا دەستیان پێ کرد کاتێک گرژییە ناوخۆییە لە مێژینەکانی سەر زەوی و سامان لە پارێزگاکەدا پەرەیان سەند بۆ پێکدادان لە نێوان میلیشیا درووزە ناوخۆییەکان و چەکدارە عەشایەرە بەدەوییەکان، کە وەک هێزەکانی حکوومەت زۆربەیان سەر بە مەزهەبی سوننەی زۆرینەی وڵاتەکەن.

بەپێی گوتەی دانیشتووان و دوو چاودێری جەنگ و پەیامنێرانی مەیدانی، توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بوون دوای ئەوەی سوپای سووریا لە 14ی تەممووزدا بۆ دامرکاندنەوەی پێکدادانەکان لە پارێزگاکە جێگیر کرا و لە 15ی تەممووزدا چووە ناو شاری سوەیداوە.

تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە لە 13ی تەمموزەوە 1013 کەس لەو ڕووداوانەدا کوژراون، لەنێویاندا 47 ئافرەت و 26 منداڵ و شەش کارمەندی پزیشکی هەن. گرووپەکە ڕایگەیاندووە "زۆرینەی قوربانییەکان درووزن و ڕوون نییە چەکدار بوونە یان هاووڵاتی مەدەنی." 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment