ناتانیاهۆ: لە هەوڵەکانمان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بەردەوامین

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی حەماس ئاگربەستی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام ئیسرائیل لە هەوڵکانی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بەردەوامە.
سێشەممە 29ـی تەممووزی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ بنەماڵەی بارمتەکان ناردووە، کە تێیدا هاتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆبوونەوەی زۆڕ چڕوپڕمان ئەنجام داوە، هەروەها لەو کاتەی کە شاندەکەمان لە قەتەر گەڕاوەتەوە، ئێمە بەردەوام لە هەوڵ و گفتوگۆدا بووینە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، بەربەستی بەردەم ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، بزووتنەوەی حەماسە، چونکە بزووتنەوەکە بەردەوام پێشنیازەکان بۆ ڕێککەوتن ڕەت دەکاتەوە.
هاوکات ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە، حکوومەتەکەی پابەندە بە گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان، هەروەها هەرگیز کۆڵ نادات لە گرتەنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
ڕۆژی یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، خەلیل حەییە، بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، ڕایگەیاندبوو: ناتوانن بەردەوامی بە دانوستانەکانی ئاگربەست بدەن، لە کاتێکدا کە گەمارۆ خراوەتە سەر کەرتی غەززە و دانیشتووانەکەی جینۆساید دەکرێن.
جەختی لەوەش کردبووەوە، ڕێگە دان بە هاتنە ناوەوەی خۆراک و دەرمان بۆ غەززە، گوزارشتێکی جیددی دەبێت لە بەردەوامبوونی دانوستان.