تەندروستیی غەززە: لە دەستپێکی شەڕی غەززە زیاتر لە 60 هەزار کەس کوژراون

وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینییەکان بەهۆی شەڕی بەردەوامەوە کە نزیکەی 22 مانگی خایاندووە، 60 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و بە هەزارانیش بریندارن.
وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە ئاماژەی بەوەش کرد، لەو 60 هەزار کەسە، نزیکەی لەسەدا 55ـی کوژراوەکان منداڵ و ژن و بەساڵاچوون.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، 30 فەڵەستینی کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەمپی پەنابەرانی نوسیرات لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کوژراون.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی، 21 کەس لە نزیک ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان کوژراون.
لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "چەند ئامانجێکی حەماسیان لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە پێکاوە".
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارانی حەماس لە ئاسمان، دەریا و زەمین هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل. لە 9ی 10ی 2023ش سوپای ئیسرائیل بە تەواوی غەززەی گەمارۆدا و ئامادەکاری کرد بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە.
لە 18ـی ئۆکتۆبەر 2023، جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیلی کرد و پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە. لە 14ی 11ی 2023ش حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، هەر کەشتییەک لە دەریای سوور نزیکبێتەوە لە بەندەرەکانی ئیسرائی هێرشیدەکەنەسەر.
لە 24ـی تشرینی دووەمی 2023ش بە نێوەندگیری قەتەر 7 ڕۆژ ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕاگەیەندرا و زیاتر لە 400 بارمتە و زیندانی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕکران. لەو سێ مانگەشدا تاوەکو ئێستا لە غەززە زیاتر لە 60 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانیش بریندارن.
یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ ڕاگەیاند و ئاماژەشی دابوو، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەی مەواسی کەرتی غەززە، ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 8ـی ئێوارە ئاگربەستی مرۆیی ڕادەگەیێنێت، هاوکات بە ڕێگەیەکی پارێزراو کاروانی خۆراک و دەرمان ڕۆژانە دەگەیێندرێنە غەززە.
ڕۆژی شەممە 26ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، بەڕێگەی ئاسمانی هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە کەرتی غەززە، کە لە 7 کاروان پێکدێت و ئارد، شەکر و خۆراکی لە قوتووکراو لەنێو هاوکارییەکاندا هەن.