وەزارەتی دارایی چەند دەنگۆیەک ڕەت دەکاتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردتسان ڕایگەیاند: ماوەیەکە چەندین میدیا و دەزگای ڕاگەیاندن و پەیجی ڕۆژنامەوانی، کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە بە ناوی وەزیری دارایییەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنڕاوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، ماوەیەکە چەندین میدیا و دەزگای ڕاگەیاندن و پەیجی ڕۆژنامەوانی، کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە بە ناوی وەزیری دارایی و سەرچاوەی تایبەت لە وەزارەتەکە، لەسەر پرسی مووچە، داهاتی ناوخۆ، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە، هەموو ئەو لێدوان و هەواڵانەی بەناوی وەزیری دارایی بڵاو کراونەتەوە سەرجەمیان دوورن لە ڕاستییەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکە باس لەوەش کراوە، وەزیری دارایی، نزیکەی دوو مانگە لێدوانی بۆ هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن نەداوە، هەر دەزگا و سایت و پەیجێکیش هەواڵی ناڕاست بە ناوی وەزیری دارایی و وەزارەت بڵاو بکاتەوە، ناچارین ڕووبەڕووی یاسایان بکەینەوە.