سیروان محەممەد: ڕێژەی هەژاریی ماددیی لە عێراق بەبێ هەرێمی كوردستان 19.3%ـە

سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان
سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە، ئەگەر وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەبێ هەماهەنگییی هەرێمی کوردستان کار بکات و ئامار بڵاو بکاتەوە، ئەوە ئیدی ئێمەش ئامارەکانی هەرێمیان بۆ نانێرین و هەماهەنگییان لەو بارەوە لەگەڵدا ناکەین.

چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: ئەمە یەکەم جارە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بەبێ هەماهەنگیی لەگەڵ هەرێم ئامار بڵاو دەکاتەوە.

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، ڕێژەی هەژاریی ماددەی لەسەر ئاستی عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان 19.3%.ـە.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەبێ هەماهەنگییی هەرێمی کوردستان کار بکات و ئامار بڵاو بکاتەوە، ئەوە ئیدی ئێمەش ئامارەکانی هەرێمیان بۆ نانێرین و هەماهەنگییان لەو بارەوە لەگەڵدا ناکەین.

گوتیشی: ڕێژەی هەژاریی لە هەرێمی کوردستان؛ لە هەولێر 5.9%ـە، لە سلێمانی 7.9%ـە و لە دهۆک 14.8%ـە.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا، ڕاپۆرتی هەژاریی فرەڕەهەند (MPI) ڕاگەیاند کە بەهاوکاریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) ئامادەکرابوو.

لە بەرانبەردا وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەم ڕاپۆرتەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بێ ئاگاداری وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە کە دەبووایە لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کار لەسەر ئەم ڕاپۆرتە و وردەکارییەکانی بکرابایە  تاوەکوو ڕا و بۆچوونی حکوومەتی هەرێم تیایدا جێگیر بکرابا. هەروەها پێویست بوو، دوا ڕەشنووس بە دەستمان بگات تاوەکوو پێشوەخت ئەنجامەکانی پەسەند بکەین.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment