13 منداڵ لە کامپێکی ئاوارەکانی سوودان، بەهۆی کەمیی خۆراکەوە مردن

تۆڕی پزیشکانی سوودان، ڕایگەیاند،13 منداڵ بەهۆی کەمیی خۆراکەوە لە کامپێکی ئاوارەکان لە ویلایەتی دارفوری ڕۆژهەڵاتی سوودان، لە برساندا مردوون.
تۆڕی پزیشکانی سوودان، کە ڕێکخراوێکی پیشەییە و بەشێک لە ئەندامەکانی لەناو کامپی 'لەگاوا' کار دەکەن، باسیان لە خراپبوونی دۆخی مرۆیی و کەمیی خۆراک لەو کامپەدا کردووە. کامپەکە دەکەوێتە شاری ئەلدوعەین و لانیکەم 7 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێ کراوە و تا ئێستا، چەندان جار ڕووبەڕووی هێرشی گروپە چەکدارەکان بووەتەوە.
ساڵی ڕابردوو، بۆ یەکەمجار، برسییەتی لە کامپێکی ناوچەی دارفووری ڕۆژئاوای سوودان سەری هەڵدا و لەو کاتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەش بڵاو بووەتەوە.
تۆڕی پزیشکانی سوودان، لە بەیاننامەیەکدا، سەبارەت بە بارودۆخی خراپی کامپی لەگاوا بڵاوی کردووەتەوە "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین دەستبەجێ بۆ دابینکردنی خۆراک و چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی بۆ دانیشتووانی کامپەکە، بەتایبەتی منداڵان و ژنانی دووگیان، هەنگاوی کردەیی بنێن."
ئەلدوعەین، پایتەختی دارفووری ڕۆژهەڵاتە و بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF)ی نیمچە سەربازیدایە، کە دژی سوپای سوودان شەڕ دەکات.
شەڕی ناوخۆیی سوودان، کە ئێستا لە ساڵی سێیەمدایە، تۆڕەکانی پەیوەندیی پەک خستووە، ئابووریی وڵاتەکەی ڕووخاندووە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی لەکار خستووە؛ ئەمانەش بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی سەختی خۆراک.
جگە لە بارودۆخی برسییەتی، گروپە فریاگوزارییەکان هۆشدارییان لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە دارفوور داوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە "حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆلێرا لە دارفوور لە زیادبووندایە، لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا 1500 حاڵەتی تووشبوون تۆمار کراوە."
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە "تێکچوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، لەگەڵ نزمیی ڕێژەی کوتان، مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای زیاتر کردووە."
لە مانگی نیسانی 2023دا دوای ئەوەی ململانێیەکی توند بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا سەری هەڵدا، سوودان دووچاری شەڕێکی ناوخۆیی سەخت و خوێناوی بووەتەوە.
ئەم دوو ڕکابەرە، پێشتر هاوپەیمان بوون، پێکەوە لە ڕێگەی کودەتایەکەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست؛ بەڵام لەسەر پلانێکی نێودەوڵەتی بۆ قۆناغی گواستنەوە بەرەو دەسەڵاتی مەدەنی، ناکۆکیی کەوتە نێوانیان و لەو کاتەوە وڵاتەکە گیرۆدەی شەڕێکی ناوخۆیی سەخت بووەتەوە.
ئەم شەڕە، بووەتە هۆی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان، تا ئێستا دەیان هەزار هاووڵاتی مەدەنی کوژراون، زیاتر لە 12 ملیۆن کەس ئاوارە بوونە و نزیکەی یەک ملیۆن کەسیش لە برسییەتیدا دەژین.