شوێنەواری هەولێر: نۆژەنکردنەوەی منارەی چۆلی دەستپێدەکرێت

بڕیار وایە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەست بە نۆژەنکردنەوەی منارەی چۆلی لە هەولێر بکرێت و بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێریش ئاماژە بەوە دەکات، نۆژەنکردنەوەی منارەکە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی زیاتری گەشتیاران.
نادر بابەکر، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بڕیار وایە دەست بە نۆژەنکردنەوەی منارەی چۆلی بکرێت و بۆ ئەم مەبەستە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین.
بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر گوتی: ژمارەیەک ئەندازیاری ئێمە کاری نۆژەنکردنەوەکە دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی تیمێکی چیکی بە مەیدانی لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە و کرد و کەموکوڕییەکانی منارەیان دەست نیشانکرد، چونکە 17ساڵ پێش ئێستا هەمان ئەو تیمە چیکییە کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ کردووە.
نادربابەکر، ئاماژەی بەوە کرد، شوورەی منارەکە دەگۆڕین و کامێرای لە دەورووبەری جێگیر دەکەین، لەگەڵ پڕکردنەوەی کەلێنەکان و چەندین گۆڕانکاری دیکە، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرنج ڕاکێشانی گەشتیاران، بەتایبەتی کە ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین سەرنجی زیاتری گەشتیاران ڕاكێشین لەبواری شوێنەوار و کەلەپووردا.
5ـی ئایاری ئەمساڵ، تیمێکی شارەزای وڵاتی چیک، بۆ پتەوتر کردنی زیاتری منارەی چۆلی سەردانیان کرد و بەوردی لێکۆڵینەوەیان لەبارەیەوە کرد.
منارەی چۆلی یان منارەی مزەفەریە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی شاری ھەولێر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای قەڵای ھەولێر. لە کاتی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەرەدین دروستکراوە و مەزندە دەکرێ ئەم منارەیە پاشکۆی مزگەوتێکی گەورە بووە، کە لەو سەردەمەدا دروستکراوە.
منارەی چۆلی کە بەرزییەکەی 37 مەترە لە کتێبە مێژووییەکان هەندێک جار بە منارەی مزەفەرییەش ناو دەبردرێت.