داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن کەنەداوە ئیسرائیل تووڕە دەکات

ڕاگەیاندنی نیازی کەنەدا بۆ دانپێدانانی بە دەوڵەتی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولدا، ئیسرائیل و ئەمەریکا تووڕە دەکات.
ئیسرائیل نیازی کەنەدای بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین ئیدانە کرد و ڕاگەیاندنی مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بە هەڵمەتێکی فشاری نێودەوڵەتییەوە شێواو" وەسف کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئە بڕیارە تەنیا "پێگەی حەماس لەسەر مێزی دانوستانەکان لە ساتێکی گرینگدا بەهێزتر دەکات".
باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئۆتاوا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین لە نەبوونی حکوومەتێکی بەرپرسیار، دامەزراوەی کاریگەر، یان سەرکردایەتییەکی خەمخۆر، پاداشت و شەرعیەت دەدات بە دڕندەیی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023".
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025 لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "گۆڕینی هەڵوێستی حکوومەتی کەنەدا لەم کاتەدا پاداشتێکە بۆ حەماس و زیان بە هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و چوارچێوەی ئازادکردنی بارمتەکان دەگەیەنێت".
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا پێی وایە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستینی دەبێتە پاداشتێک بۆ حەماس.
ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی گوتی: "هەڵوێستی کەنەدا وەک سەرۆک دەڵێت، پاداشتی حەماس دەداتەوە ئەگەر دان بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا بنێت، هەروەها سەرۆک ترەمپ، ئێستا سەرنجی لەسەر گەیاندنی خۆراکە بە خەڵک لە غەززە".
ڕۆژی دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕا گەیەنراوێکدا ئاماژەی داوە، کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێگە چارە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل، بێ بەرهەم دەبێت و لە کاتێکی هەڵەدا بەڕێوە دەچێت. ئاماژەشی داوە، ئەو کۆنفرانسە بۆ بانگەشە و مەبەستی سیاسی هەیە، ئەمەش هەنگاوەکان بۆ ئاشتی قورستر دەکات.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو پاڵنەرە دیپلۆماسییە تیرۆریست پاداشت دەکات، هەروەها بەڵێنی دان پێدانانی دەوڵەتی فەڵەستینی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بە خزمەت بە دوژمن دەگەیەنێت.
هەروەها شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودییە لەو کۆنفرانسەدا ڕایگەیاند، ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا پەیوەستە بە دادپەروەری بۆ گەلی فەڵەستین. جەختیشی کردەوە کە سعوودییە پشتیوانی لە ڕاگەیاندی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین دەکات.
گوتیشی: ئەمە تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکوو باوەڕێکی پتەویە کە دەوڵەتی فەڵەستینی هەنگاوێکی ڕاستەقینەی بۆ ئاشتی لە ناوچەکە.
لای خۆشییەوە، محەممەد موستەفا، سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین، لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا گوتی: ئێستا کاتی ئەوەیە ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەرپرسیاریەتی خۆیان هەستن و دەستبەجێ دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن.
گوتیشی: دەبێت ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و حەماسیش دەستبەرداری ئەو ناوچانە بیت کە کۆنترۆڵی کردووە و چەکەکانیشی ڕادەستی حکوومەتی فەڵەستین بکات.
پێشتریش، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، فەرەنسا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول، دان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا دەنێت، بەڵام هەریەکی لە ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕەخنەیان لە هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا گرت.
هەروەها بڕیار بوو کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە چارەی دوو دەوڵەتی بۆ فەڵەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکایەتی سعوودییە و فەرەنسا لە 17 و 20ی حوزەیران بە ڕێوە بچێت، بەڵام ڕێکخراوەکە کۆنفرانسەکەی بۆ 28ی تەممووز دوا خست. ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە دان پێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستینییە لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
لە کۆی 193 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، 142 ئەندام دەنگیان بە ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین داوە.