ئەمڕۆ 42 ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 42 ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی بارزانییەکان تێدەپەڕێت، پرۆسەی ئەنفالکردنی کورد لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا بە ئەنفالکردنی بارزانییەکان دەستیپێکرد و رژێمی پێشووی عێراق، بە چەند قۆناخێک ئەنجامی دا، سەرەتا بەشێک لە بارزانییەکانی لە زێدی خۆیانەوە بۆ ناوچەکانی دیکە ڕاگواست و دواتر لە چەند کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێ لەژێر ئەمنییەتی تونددا نیشتەجێی کردن. 

بارزانییەکان بەر لەوەی بەر هەڵمەتی ئەنفال بکەون لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزران، لەساڵی 1978 بەشێکیان لە زێدی خۆیان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی دیانا، هەریر، بەحرکە و گۆڕەتوو، لەژێر کۆنتڕۆڵی توندی سەربازی کۆکرانەوە و مەبەستەکەش ئامادەکردنیان بوو بۆ قۆناغی دواتر کە لەناوبردنیانە هەروەها لە ساڵی 1980 ژمارەیەکی دیکەیان بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی قوشتەپە بەمەبەستی لەنێوبردنیان لە هەردوو کۆمەڵگەی قودس و قادسیە، نیشتەجێکران.

بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکانی رژێمی بەعس لەکۆتایی مانگی تەمموز و  سەرەتای ئابی ساڵی 1983، هێزێكی گەورە و بەشێوەیەكی زۆر نهێنی کە لە هێزەكانی فەرمانگەی ئەمنی هەولێر و فەوجەكانی فریاکەوتن و هێزەكانی پاسەوانی کۆماریی(حەرەس جمهوری) بە شێوەیەكی زۆر نهێنی ئەو كۆمەڵگا زۆرەملێیانەی كە بارزانییەكان تێیدا نیشتەجێ بوون گەماردۆدا، دواتر دەستگیركردنیان بە سێ قۆناغ دەستی پێکرد.

قۆناغی یەكەم: 31/7/1983 کۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی قۆشتەپە لە دوو كۆمەڵگای زۆرەملێی قودس و قادسیە لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر.

قۆناغی دووەم: 10/8/1983 كۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی كۆمەڵگای هەریر و دیانا و بەحركە و لادێكانی مێرگەسوور.

قۆناغی سێیەم: 1/10/1983 جارێکی دیکە بە شێوەیەکی چروپڕ ماڵ بە ماڵی ئۆردووگاکانیان پشکنی و ئەوەی لە جارەکانی تر دەربازیان ببوو ئەوجارە دەستگیر کران.

ئەوەی زیاتر ئەم ڕاستییانە دەسەلمێنێت نووسراوێكی فەرمی  بەڕێوەبەری ئەمنی گشتییە بە ژمارە 84 لە ڕێكەوتی 29ـی ئاداری 1989، بۆ سكرتێری سەرۆكایەتی كۆمار ناردوویەتی و تێیدا دووپاتی دەكاتەوە "كە لە بەیانی ڕۆژی 1ـی ئابی ساڵی 1983 دا لەسەر داوای بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی "د.فازل بەراك" هێزێكی سەربازی سەر بە پاسەوانی کۆماری(حەرەس جمهوری)، كۆمەڵگەكانی "قودس و، قادسیە لە قوشتەپە" كە بۆ خێزانە بارزانییەكان دروست كرابوو گەمارۆ دراوە و دەست گیراوە بەسەر هەموو ئەو پیاوە بارزانییانەی تەمەنییان لە پازدە ساڵ بەرە و ژوور بووە و بە سەیارەی گەورەوە گواستراونەتەوە بۆ بەغدا.