میدیاکان: ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی شەپۆلێکی دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین بووەتەوە

لەگەڵ پەرەسەندنی داوای نێودەوڵەتی بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل خۆی لەبەردەم شەپۆلێکی دیپلۆماسی پەرەسەندوودا دەبینێتەوە کە نەک تەنیا پێگەی سیاسی خۆی بەڵکو تەواوی ستراتیجی حکوومەتەکەی هەڕەشە دەکات.
میدیاکانی جیهان، ئاماژەیان بەوە داوە ئێستا ئاماژەکانی گۆڕاون، بە دەستپێکردنی دەوڵەتی فەڵەستین دەستیپێکرد و بە "بانگەوازی نیویۆرک" ناسرا، تێیدا فەرەنسا و 14 وڵاتی دیکە، لەوانە کەنەدا، ئوسترالیا و فینلاند، داوای دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستینییان کرد. ئەم هەنگاوە لە کۆنفرانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ چارەی دوو دەوڵەتی سەریهەڵدا.
ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت و داوای لە وڵاتان کرد، شوێنپێی ئەو وڵاتە بن.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەش دا، گیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، نیازی وڵاتەکەی بۆ هەنگاوێکی هاوشێوەی لە میانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولدا ڕاگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل "هەنگاوی یەکلاکەرەوە" بنێت، دیارترینیان کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بوو.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، کەنەدا نیازی خۆی بۆ دانپێدانانی بە دەوڵەتی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولدا ڕاگەیاند، ئەمەش بووە هۆی زیاتر تووڕە بوونی ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
ڕۆژی دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕا گەیەنراوێکدا ئاماژەی دا، کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێگە چارە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل، بێ بەرهەم دەبێت و لە کاتێکی هەڵەدا بەڕێوە دەچێت. ئاماژەشی داوە، ئەو کۆنفرانسە بۆ بانگەشە و مەبەستی سیاسی هەیە، ئەمەش هەنگاوەکان بۆ ئاشتی قورستر دەکات.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو پاڵنەرە دیپلۆماسییە تیرۆریست پاداشت دەکات، هەروەها بەڵێنی دان پێدانانی دەوڵەتی فەڵەستینی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بە خزمەت بە دوژمن دەگەیەنێت.
هەروەها شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودییە لەو کۆنفرانسەدا ڕایگەیاند، ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا پەیوەستە بە دادپەروەری بۆ گەلی فەڵەستین. جەختیشی کردەوە کە سعوودییە پشتیوانی لە ڕاگەیاندی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین دەکات.
گوتیشی: ئەمە تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکوو باوەڕێکی پتەویە کە دەوڵەتی فەڵەستینی هەنگاوێکی ڕاستەقینەی بۆ ئاشتی لە ناوچەکە.
لای خۆشییەوە، محەممەد موستەفا، سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین، لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا گوتی: ئێستا کاتی ئەوەیە ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەرپرسیاریەتی خۆیان هەستن و دەستبەجێ دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن.
گوتیشی: دەبێت ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و حەماسیش دەستبەرداری ئەو ناوچانە بیت کە کۆنترۆڵی کردووە و چەکەکانیشی ڕادەستی حکوومەتی فەڵەستین بکات.
پێشتریش، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، فەرەنسا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول، دان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا دەنێت، بەڵام هەریەکی لە ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕەخنەیان لە هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا گرت.
هەروەها بڕیار بوو کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە چارەی دوو دەوڵەتی بۆ فەڵەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکایەتی سعوودییە و فەرەنسا لە 17 و 20ی حوزەیران بە ڕێوە بچێت، بەڵام ڕێکخراوەکە کۆنفرانسەکەی بۆ 28ی تەممووز دوا خست. ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە دان پێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستینییە لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
لە کۆی 193 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، 142 ئەندام دەنگیان بە ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین داوە.