عراقچی: پێویستە ئێران قەرەبوو بکرێتەوە

عەباس عراقچی
عەباس عراقچی

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی دەکاتەوە، پیویستە ئەمەریکا ڕەزامەندیی دەرببڕێت بە قەرەبووکردنەوەی ئێران، بەرانبەر ئەو زیانەی لە 12 ڕۆژی جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل، بەری کەوتووە.

دوای سەپاندنی سزای نوێی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، عەباس عراقچی بۆ ڕۆژنامەی فاینانشڵ تایمز دووپاتی کردەوە ئێران بەردەوام دەبێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم و دڵنیاییدا لەوەی، هێشتا وڵاتەکەی ئەو توانایەی لەو بوارەدا ماوە.

هەر بۆ ئەو ڕۆژنامەیە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە، ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی ئێران لە جەنگی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل بەری کەوتووە، ئەو قسانەی عراقچی  لەچوارچێوەی توندکردنی هەڵوێستەکانی و سەپاندنی مەرجی نوێیە، بەمەبەستی دەستپێکردنی دانووستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا، سەبارەت بە پرۆژەی ئەتۆمیی .

چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا گەورەترین پاکێجی سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، کە لە 2018ـەوە تا ئێستا هاوشێوەی نەبووە.

وەزارەتەکە باسی لەوە کردووە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی سزاکانیان لەسەر ئێران، 12 کەسایەتی، زیاتر لە 70 دامەزراوە و 62 کەشتی ئێران و هاوکاری ئەو وڵاتەیان خستووەتە لیستی سزاکانەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەو تۆڕەی کە سزا دراون نەوتیان لە ئێران و ڕووسیاوە بۆ تەواوی جیهان دەگواستەوە هەروەها تۆڕەکە چەندین ملیار دۆلاریان بۆ حکوومەتی ئێران بەدەست دەهێنا.

گەنجینەی ئەمەریکا، ئەوەشی خستە ڕوو، بەشێک لە کەشتییەکانی تۆڕەکە مووشەک و کەرستەی تایبەت بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ ڕووسیا دەگواستەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، 9ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا 21 دامەزراوەی ئێران و هاوکاری ئەو وڵاتەی، خستە لیستی سزاکانیەوە.