لاڤرۆڤ: ئامادەین نێوەندگیری لەنێوان کورد و دیمەشقدا بکەین

سێرگی لاڤرۆڤ
سێرگی لاڤرۆڤ

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت: پێویستە مافی کورد لە سووریای یەکگرتوو پارێزراو بێت.

پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ ڕایگەیاند: پێویستە مافی کورد لە سووریای یەکگرتوو پارێزراو بێت، گوتیشی: ئامادەین نێوەندگیری لەنێوان کورد و دیمەشقدا بکەین.

لاڤرۆڤ دووپاتی دەکاتەوە، سووریا لە پاراستنی پێکهاتەکاندا بەرپرسە.

29ـی ته‌ممووزی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سه‌رۆكی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری سووریا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (ئێكس) په‌یامێكی ئاراسته‌ی مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) كرد و ڕایگه‌یاند: "سەرکردایەتیی ئێوە و هەوڵەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ یه‌كگرتن له‌ژێر سه‌ركردایه‌تیی ئه‌حمه‌د شه‌رعدا به‌رز ده‌نرخێنین."

تۆم باراک هه‌روه‌ها ئاماژە‌ی به‌وه‌ کردبوو، به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ و تێكه‌ڵكردنی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ به‌ سوپای فه‌رمی كۆڵه‌كه‌یه‌كه‌ بۆ سه‌قامگیریی سووریا له‌ژێر دروشمی "یەک سوپا، یەک حکوومەت، یەک دەوڵەت."

لە 10ی ئازاردا، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕێککەوتنێکیان واژوو کرد بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە حکوومەتی نوێی سووریا، لەوانەش دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و گاز، هەروەها ڕێککەوتنەکە یەکپارچەیی خاکی سووریای دووپات کردەوە و دابەشکردنیشی ڕەتکردەوە، لەو کاتەوە چەندین دانیشتنی دانوستاندن بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لەم بارەوە نەهاتووەتە دی.