ستیڤ ویتکۆف گەیشتە ئیسرائیل

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە ئیسرائیل و بڕیارە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئیسرائیل کۆببێتەوە.
پێنجشەممە، 31ـی تەممووز، ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونۆت ی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بڕیارە ویتکۆف، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆببێتەوە.
ڕۆژنامەکە هەروا ڕایگەیاندووە "ویتکۆف، پێشتر لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئیسرائیلدا سەبارەت بە بارودۆخی غەززە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، گفتوگۆ دەکات."
سەردانەکەی ویتکۆف، لە کاتێکدایە فشاری نێودەوڵەتی بۆ سەر ئیسرائیل سەبارەت بە بارودۆخی خراپی خەڵکی غەززە و ڕاوەستانی دانوستانەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگر بەست، زیادی کردووە.
لەژێر فشاری قورسی نێودەوڵەتیدا، ئیسرائیل، لە کۆتایی هەفتەی پێشوودا زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بۆ ئاسانکاریی گەیاندنی هاوکاریی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ غەززە، ڕاگەیاند؛ بەڵام کارمەندانی نێودەوڵەتی دەڵێن: بڕە هاوکارییەکە هێشتا بەشی پێویستیی دانیشتوانی غەززە ناکات.
ئاسایشی خۆراکی یەکگرتوو (IPC) کە دەسەڵاتی پێشەنگی جیهانییە لەسەر قەیرانەکانی برسییەتی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "دۆخەکە بە شێوەیەکی دراماتیکی خراپتر بووە و هۆشداری لە 'مەرگی بەربڵاو' دا، ئەگەر هەنگاوی دەستبەجێ نەگیرێتەبەر."